تا ئێستا ٢٧٠ ھەزار تۆن گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەرگیراوە

تا ئێستا ٢٧٠ ھەزار تۆن گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەرگیراوە
بڕیاردەری لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی کوردستان گوتی، تا ئێستا٢٧٠ ھەزار تۆن گەنمی جووتیاران لە ھەرسێ پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان وەرگیراوە، بەڵام بەغدا چەندین مەرجی قورسی داناوە بۆیە بەشێکی زۆری وەرنەگیراوە.

(زیاد حوسێن) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان لە ھەرسێ پارێزگاکان بەردەوامە و بە پێی دواین ئامار لە پارێزگای دھۆک ١٧٥ ھەزار تۆن و لە سلێمانی ٢٠ ھەزار تۆن و لە ھەولێریش ٧٠ ھەزار تۆن وەرگیراوە، کە کۆی گشتییەکەی دەکاتە ٢٧٠ ھەزار تۆن.''

(زیاد حوسێن) گوتی: ''بەغدا چەندین مەرجی قورسی بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران داناوە، بۆیە بڕێکی زۆری گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەرنەگیراوە، بە جۆرێک کە تا ئێستا تەنیا لە دھۆک ٢٥%ی گەنمی جووتیارانی ھەرێم ڕەت کراوەتەوە و وەرنەگیراوە.''

(زیاد حوسێن) ڕوونی کردەوە: ''بڕیار بوو حەفتەیەک دوای وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، پارەی گەنم بۆ جووتیاران ڕەوانە بکرێت و لە پارێزگاکانی دیکە ئەوکارە کراوە، بەڵام ھەرێمی کوردستان تا ئێستا ھیچ بڕە پارەیەکی بۆ نەھاتووە.''

(زیاد حوسێن) گوتیشی: ''بڕیارە ئەمساڵ ٤٤٢ ھەزار تۆن گەنمی جووتیارانی ھەرێم وەربگیرێت، بەڵام بە ھۆی دانانی ئەو مەرجانەوە زەحمەتە بتوانرێت ئەو ڕێژە گەنمەی جووتیارانی ھەرێم وەربگیرێت.''
kdp-
Top