زیاتر لە ٢ ھەزار بەڵگە بۆ بەجینۆسایدناساندنی کوردانی ئێزدی کۆ کراوەتەوە
گوتەبێژی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، (فوئاد عوسمان)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمە لە دھۆک سەنتەرێکمان ھەیە بە ناوی سەنتەری لیژنەی بەجینۆسایدناساندنی کوردانی ئێزدی و پێکھاتەکانی دیکە، کە تا ئێستا ئەو سەنتەرە زیاتر لە ٢ ھەزار بەڵگەی وێنە و دەنگی کۆ کردووەتەوە، کە ھەمووی لە لایەن دادوەری تایبەتمەندەوە نوسراوەتەوە و ئێستاش ئەو سەنتەرە کارەکەی بەردەوامە.''
(فوئاد عوسمان) گوتی: ''بە شێوەی ستانداردی جیھانی کار بۆ ئەو کەیسە کراوە، بۆ ئەوەی سوود لەو بەڵگانە وەربگیرێت و لە ھەر کوێیەک بەڵگە ھەبێت، کۆ دەکرێتەوە.''
گوتەبێژی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونی کردەوە: ''جگە لەوەش ژمارەیەکی زۆر کەلوپەلی شەھیدان و ئەنفالکروەکان، کە لە نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا دۆزراونەتەوە و لە لای وەزارەتی مافی مرۆڤی حکوومەتی عێراقە، ئامادە نەبوون ڕادەستی ئێمەی بکەنەوە، بەڵام بە زۆر ٢٠٠ کارتۆنمان وەرگرتووەتەوە و ھێشتا بڕێکی زۆریش ماوە، کە لە ھەوڵی ئەوەداین ئەوانیش وەرگرینەوە، کەچی بەغدا ڕێگری دەکات.''
ئەو بەڵگانەی کە کۆ کراونەتەوە، هی ئەو تاوانانەی داعشن، کە لە ٣/٨/٢٠١٤ و دواترەوە دەرھەق بە کوردانی ئێزدی کردوونی، کە ھەزار و ٢٩٣ کەس شەھید بوون و شەش ھەزار و ٤١٧ کەس ڕفێندراون و ٦٨ مەزاری دینیی ئیزدییەکانیشیان تەقاندووەتەوە و ٤٣ گۆڕی بەکۆمەڵی ئێزدییەکانیش دۆزراونەتەوە.''
kdp-
