بارزانی: پێویستە ھەموو لایەک ڕێز لە خواست و مافی خەڵکی کوردستان بگرن
ئەمڕۆ سێشەممە ٤/٧/٢٠١٧ لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ لە کونسوڵی گشتیی وڵاتانی شانشینی سعودیە، ئوردن، میسر، ئیمارات، فەلەستین، کوەیت و سودان، لە ھەرێمی کوردستان کۆبوویەوە.
لە دیدارەکەدا کە بە ئامادەبوونی فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێم بەڕێوەچوو، شاندی میوان دەستخۆشییان لە بارزانی و پێشمەرگەی کوردستان کرد بۆ سەرکەوتنیان لە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش و ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ، ھاوخەمیی خۆشیان لەگەڵ خانەوادەی شەھیدانی پێشمەرگە دەربڕی و ھیوای چاکبوونەوەیان بۆ بریندارەکان خواست.
ھەروەھا ڕێز و پێزانینی زۆریان بۆ گەل و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەربڕی کە لە دۆخی قورسی شەڕ و قەیرانی ئابووریدا پێشوازییان لەو ژمارە زۆرەی پەنابەران کردووە و ئاسایش و پێداویستییەکانی ژیانیان بۆ دابین کردوون.
ھەر لە دیدارەکەدا باڵیۆزانی وڵاتانی عەرەبی لە کوردستان، داوایان لە بارزانی کرد بەرچاوڕوونییان بداتێ سەبارەت بە داھاتووی پارێزگای مووسڵ دوای ئازادکردنی، لەو بارەیەوە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ڕوونی کردەوە کە قۆناخی دوای داعش زۆر ھەستیارە و پێویستە ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەو زەمینەیە بگیرێت کە بووە ھۆی سەرھەڵدانی داعش، ھەروەھا ئاماژەی بە ھەوڵەکانی کوردستان کرد کە بەر لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە لە کۆبوونەوە لەگەڵ ھەردوو لایەنی ئەمەریکی و عێراقی داوامان دەکرد، کە پێویستە لەپاڵ بوونی پلانی سەربازی، پێویستە پلانێکی ھاوبەشی سیاسی و ئیدارییش بۆ پارێزگای نەینەوا لە دوای دەرکردنی داعش ھەبێت، بەڵام بەداخەوە ئەو پێشنیارە ڕەچاو نەکرا و لەجیاتی ئەوە بڕیار درا لیژنەیەکی باڵا بۆ ھەماھەنگی دروست بکرێت، کەچی ئەوەش جێبەجێ نەکرا و ئێستا سەرەتاکانی کێشە دەرکەوتوون.
بارزانی، ئاماژەی بەوە کرد کە ھەرچەندە بەھۆی ھەماھەنگی نێوان ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق و بە پشتیوانیی ھاوپەیمانانیەتیی نێودەوڵەتی، ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ لە کۆتاییەکەی نزیک بۆتەوە و دەسەڵاتی داعش لە موسڵ کۆتایی دێت، بەڵام ئەوە بەمانای کۆتاییھاتنی داعش و تیرۆر نابێت و ئەگەر ئەو ھۆکارانە چارەسەر نەکرێن کە بووە ھۆی سەرھەڵدان و بەھێزبوونی داعش، ئەوا دوور نییە تیرۆر بە شێوەی تر و لەژێر ناوی دیکە سەرھەڵبداتەوە، بۆیە دەبێ ڕێگە لەو دۆخە بگیرێت و لە ئیدارەدانی ئەو پارێزگایە ڕەچاوی خواستی پێکھاتەکانی ئەو پارێزگایە بکرێت تا ئەوانیش بە دڵنیایی و پارێزراویی ژیانیان بکەن و ڕێگە بەدووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتانە نەدرێت کە بەسەر ئەو خەڵکەدا ھات.
ھەر لەو دیدارەدا بڕیاری گەلی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە کوردستان لە ٢٥ـی ئەیلوول خرایە بەر باس، بارزانی بە وردی ئەو ھۆکارانەی ڕوون کردەوە کە ھانی گەلی کوردستانی داوە بەرەو ڕیفراندۆم ھەنگاو بنێت.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕیفراندۆم مافێکی شەرعی و سروشتیی خەڵکی کوردستانە و پێویستە ھەموو لایەک ڕێز لەو خواست و مافەی خەڵکی کوردستان بگرن و جەختیشی لەوە کردەوە کە گەلی کوردستان لەڕێگەی دیالۆگ و بە ئامرازی ئاشتیانە ڕێگەی سەربەخۆیی و مسۆگەرکردنی مافەکانی گرتۆتەبەر و ئەو ڕێگەیەش تاکە زامنی بەربەست دانانە لەبەردەم دووبارەبوونەوەی کێشە و ململانێی خوێناوی.
باڵیۆزانی وڵاتانی عەرەبی، لە کۆبوونەوەکەدا ڕایانگەیاند کە بە وردی گوێیان بۆ سەرنج و ڕوونکردنەوەکانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گرتووە و ھاوسۆزیی خۆیان بۆ خەبات و قوربانیدان و خواستی گەلی کوردستان دەربڕی.
باسکردنی ڕەوشی سیاسیی عێراق و ناوچەکە بەشێکی دیکەی دیدارەکە بوو.
باسنيوز
