کەرکووک.. زانیاریی نوێ لەبارەی ئەو پیاوەی جلی ئافرەتانی پۆشی بوو
ئەمڕۆ سێشەممە 4/7/2017، عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکووک، ڕایگەیاند "دوێنێ دووشەممە 3/7/2017 لە گەڕەکی یەکی حوزەیرانی شاری کەرکووک، ھێزەکانی پۆلیسی بنکەی عەدالە و ھێزەکانی ئاسایشی کەرکووک، پیاوێکیان دەستگیر کرد، کە جلی ئافرەتانی پۆشی بوو، ھاوکات ئەو کەسە لەو گەڕەکەدا سووڕابووەوە، بۆ ئەوەی کەسیش نەیناسێتەوە، پەچەی کردبوو".
گوتیشی: "دوای دەستگیرکردنی ئەو کەسە، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوت کە برایەکی یەکێکە لە چەکدارەکانی ڕێکخراوی تیرۆرستیی داعش لە حەویجە، ئێستاش لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە".
عەمید سەرحەد قادر، ئاشکراشی کرد، کە دەستگیرکراوەکە خەڵکی سنووری ناحیەی ئامرلی سەر بە قەزای خورماتووە ناویشی (حەسەن حوسێن ئەحمەد)ە".
عەقید ئەفراسیاو کامیل، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک، لە لێدوانێکی پێشتریدا ڕایگەیاند: "دەستگیرکراوەکە گومانی لەسەر ھەیە، بەڵام نازانرێت مەبەستی چی بووە کە جلی ئافرەتانی پۆشیوە".
باسنیوز
