شێخی تەوێڵە: بە (بەڵێ) بەشداریکردن لە ریفراندۆمدا ئەرکێکی ئایینییە
شێخ عەبدولڕەحمان نەقشبەندی، شێخی تەریقەتی نەقشبەندی لە تەکیەی شارۆچکەی تەوێڵە لە پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاندووە، ”پێویستە هەموو کوردێک“ پشتگیریی ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان بکات.
شێخ عەبدولڕەحمان نەقشبەندی پێیوایە پشتگیریکردنی سەربەخۆیی کوردستان و دەنگدان بە (بەڵێ) لە ریفراندۆمدا، ”ئەرکێکی ئایینی و نەتەوەیی“ هەموو تاکێکی کوردستانە.
شێخی تەریقەتی نەقشبەندی ئامادەیی خۆی بۆ هەر ئەرکێک نیشانداوە بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەنجامی بدات و رایگەیاندووە، ”دەبمە یەکەم پێشمەرگەی کۆماری کوردستان“.
شێخ عەبدولڕەحمان نەقشبەندی هەوڵەکان بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بە ”پیرۆز“ دادەنێت و جەخت لەوە دەکاتەوە، کە دەبێ ئەو هەوڵانە سەرکەوتن بە دەست بهێنن و باشووری کوردستان ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ.
پێشتر لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.
باسنيوز
