سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی: پرسی تۆپبارانەكانی ئێران دەبەینە پەرلەمانی عێراق
عەرەفات كەرەم، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كورستان لە پەرلەمانی عێراق بە کەناڵی (كورستان 24)ی ڕاگەیاند: "هەرچەندە لە پرسی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان نزیك دەبینەوە، هەندێك لە وڵاتانی دراوسێ مامەڵەیان بەرامبەر هەرێمی كوردستان توندتر دەبێت، بەڵام هیچ شتێك ناتوانێت ئیرادەی خەڵكی كوردستان بگۆڕێت لە بڕیاردانی چارەنووسی خۆیان".
دەشڵێت، ئێستا هەرێمی كوردستان لەڕێگای كۆنسووڵخانەی ئێرانەوە لەگەڵ ئەو وڵاتە لەسەر هێڵە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە، ئەگەر گرفتەكە چارەسەر نەكرێت، ئەوا پرسەكە دەبەینە ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، چونكە بابەتەكە پەیوەندیدارە بە سەروەریی عێراقەوە، لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان تا ئێستا بەشێكە لە عێراق".
عەرەفات كەرەم، لەسەر پرسی دادگاییكردنی ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك پێی وایە، دادگای فیدراڵی هەر بڕیارێك بدات ئەوە سیاسییە، هەروەها دەشڵێت "پێویستە ئەوكەسانەی شانازی بە پێشێلكردنی مادە دەستوورییەكانەوە دەكەن، دەبێ دادگای بكرێن، نەك سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، ئەو بڕیارە هی هەموو ئەنجومەنە و ئەنجومەنیش بە دەنگی خەڵك هەڵبژێردراوە".
باسنيوز
