بەرگریی شارستانی ڕێژەی خنکانی 15 ساڵی ڕابردووی زێی گەورە بڵاو دەکاتەوە

 بەرگریی شارستانی ڕێژەی خنکانی 15 ساڵی ڕابردووی زێی گەورە بڵاو دەکاتەوە
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی قەزای خەبات، ڕێژەی خنکانی 15ی ساڵی ڕابردووی زێی گەورەی ئاشکرا کرد، کە تەنیا لە شەش مانگی ساڵی 2017دا، نۆ کەس لە زێی گەورەدا خنکاون.

مقدم حەیدر بلباس، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی قەزای خەبات، ڕایگەیاند: "ڕێژەی خنکان لە زێی گەورە بەم شێوەیە بووە، لە ساڵی 2002دا دوو کەس خنکاون، لە ساڵی 2003دا ھیج کەسێک تۆمار نەکراوە، بەڵام لە ساڵی 2004دا سێ کەس خنکاون، لە ساڵی 2005دا ژمارەکە جیاوازییەکی ئەوتۆی نەبووە و پێنج کەس خنکاون، لە ساڵی 2006دا ڕێژەکە کەم بووەتە بۆ یەک کەس، ھەروەھا لە ساڵی 2007دا 12 کەس خنکاون، لە ساڵی 2008دا نۆ حاڵەتی خنکان تۆمارکراون، لە ساڵی 2009شدا 10 کەس خنکاون، لە ساڵی 2010شدا 19 حاڵەتی خنکان تۆمار کراون، لە ساڵی 2011 و 2012دا لە ھەردوو ساڵدا 14 کەس خنکاون ، بەڵام لە ساڵی 2013دا بە بەراورد بەم دوو ساڵەی پێش خۆی، ڕێژەکە زۆر بەرز بووتەوە بۆ 26 کەس".

گوتیشی: "لە ساڵی 2014دا 15 کەس خنکاون، لە ساڵی 2015شدا 25 کەس خنکاون، لە ساڵی 2016دا 26 حاڵەتی خنکان تۆمار کراون، لە شەش مانگی ساڵی 2017شدا نۆ کەس خنکاون.

بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی خەبات ئەوەشی خستە ڕوو، کە ساڵی 2013 تاوەکو شەش مانگی ساڵی 2017دا، 10 کەس لە دانیشتوانی ڕۆژئاوای کوردستان لە زێی گەورە خنکاون.

باسی لەوەش کرد، کە ئەو کەسانەی لە لافاو ڕزگار کراون لە ساڵی 2009دا نۆ کەس ڕزگار کراون و لە ساڵی 2011شدا، 19 کەس ڕزگار کراون.














باسنیوز
Top