ھاوسەری ئەحمەد تورک: نیگەرانم لەو تەقینەوانەی پەکەکە لە باکوور و تورکیا دەیکات

 ھاوسەری ئەحمەد تورک: نیگەرانم لەو تەقینەوانەی پەکەکە لە باکوور و تورکیا دەیکات
ئەحمەد تورک وەکوو ئەندام پەرلەمان، یان سەرۆک شارەوانی و سیاسییەکی شارەزا و بە ئەزموون ناسراوە لە تورکیا و دەرەوەی تورکیا، بەڵام ئافرەتێک کە چەندین ساڵ لەتەک ئەحمەد تورکەوە بووە و ١٢ منداڵی بەخێو کردووە، کاتێک تورک زیندانی کرا ئەو چاوەڕێی کرد و لە زۆربەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانیشدا دژی دەوڵەتی تورک بەشدار ‌بووە.

موڵکییە تورک ھاوسەری ئەحمەد تورک، لەدیمانە يه كى تایبەتدا باس لە ئەزموونی خۆی لەگەڵ ئەحمەد تورک و سیاسەتدا دەکات.

موڵکییە تورک بەم شێوەیە باسی خۆی و ھاوسەرەکەی دەکات: ”لە ساڵی ١٩٧٤ لەگەڵ ئەحمەددا ژیانی ھاوسەریمان پێکھێنا، ھەموو کەسێک دەزانێت کە ئەحمەد کەسایەتییەکی زۆر دیموکرات و ئاشتیخوازە، منیش وەکوو ئەو حەز بە دیموکراتی و ئاشتی دەکەم، تا ئێستا خراپەم بەرامبەر بە کەس نەکردووە و ماڵی کەسم نەخواردووە و دژی ھەموو خوێنڕشتنێکیشم جا ھەر لایەنێک بیکات“.

سەبارەت بە بەوەی ئەحمەد تورک رێگەی سیاسەتی گرتووەتە بەر، موڵکییە دەڵێت: ”ئەحمەد لە تەمەنی لاوێتییەوە ھەر خەریکی سیاسەت بووە، لەوەتەی ئەوم ناسیوە ھەر لەناو سیاسەتدا بووە“. خاتوو موڵکییە ھەستی خۆی بۆ ئەو کاتەی ئەحمەد تورک زیندانی کرا دەردەبڕێت و دەڵێت: ”بەر لە ئێستایش، لە ١٢ی ئەیلوولیش لە کاتی کودەتایەکەدا زیندانی کرا، ئیتر ئەو سەردەمە ھەموو کەس دەیزانی گەر کەسێکت زیندانی بکرێت چی ئازارێکە، دواتر لە ساڵی ١٩٩١ لەگەڵ لەیلا زانادا بە یەکەوە زیندانی کران و ئەشکەنجەی زۆریش دران. ئەو سەردەمە و ئێستایش تەنیا خەفەتم بۆ ئەحمەد نەخوارد، بەڵکوو بۆ ھەموو ئەوانەی کە زیندانی دەکرێن خەفەتم خواردووە“.

ئەم خاتوونە حەز بە سیاسەت ناکا و دەڵێت: ”من حەز بە سیاسەت ناکەم، ئەحمەد لەناو سیاسەتە و لە ماڵێکیشدا کەسێک سیاسی بێت بەسە، من شانازی دەکەم بەوەی ئەحمەد لەناو سیاسەتە، بەڵام تۆ دەبینیت لە شەڕدا مرۆڤ دەکوژرێت، خانووەکان دەڕووخێنرێن، خوێنی بێتاوانان دەڕژێت و شارەکان وێران دەبن، ئیتر کوێی سیاسەتم خۆش بوێت؟“.

موڵکییە سەبارەت بە چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا پێی وایە: ”بۆچی خوێنی گەریلایەک یان سەربازێک جا کورد بێت یان تورک، بڕژێت؟ ھەموو کەسێک خەبات دەکات تا لە وڵاتەکەیدا بە شێوەیەکی دیموکرات و ئازاد بژێت، ببێتە خاوەن ناسنامەی خۆی و پێگەی خۆی. ساڵانێکی زۆرە کێشەی کوردیان لە تورکیا چارەسەر نەکردووە و ترساون وڵات دابەش بکرێت، بۆیە ئیدی رێگەی شەڕ گیراوەتە بەر بۆ بەدەستھێنانی ئەو مافانەی باسم کرد. ئەمڕۆ تۆ دێیت پەکەکە و داعش دەخەیتە ناو یەک ھاوکێشەوە و دەڵێی یەک شتن، ئەمە مایەی قبووڵکردن نییە و ئەوەی داعش دەیکات و ئەو زوڵمەی ئەو کردوویەتی ئاشکرایە. ئێمە ناڵێین ئەوەی پەکەکە دەیکات راستە، بەڵام نابێت لەگەڵ داعشدا بڵێی یەک شتە. بێ گومان پەکەکەیش ھەڵەی ھەیە“. بەرامبەر بەم رایەی ئاخۆ ناترسێت لەوەی لەسەر ئەم قسانە ئەحمەد تورک دەستگیر بکەنەوە، ئەو دەڵێت: ”ھەموو کاتێک ترساوم، چونکە لە زیندان ئازاری ئەحمەدیان داوە و بەو تەمەنەوە دەستگیر کراوە. تەنیا بۆ ئەحمەد نا، بەڵکوو بۆ ھەموو ھاوڕێکانی ترسم ھەر ھەبووە“.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ھیچ کاتێک بە ئەحمەد تورکی گوتووە ئیتر بەسە و دەست لە سیاسەت ھەڵگرە، دەڵێت: ”نەخێر پێم نەگوتووە، بەڵکوو گوتوومە ئەگەر چوویتە ناو ئیشێکەوە تا کۆتاییەکەی بەردەوام بە. ئێمە تەمەنێکی زۆرمان لە دووریی ئەحمەد بەڕێ کرد، بەڵام لەپێناو دیموکراتیدا بووە، بۆ بەرگریکردن و پارێزگاریکردنی مافی کورد بووە، خەباتی بۆ پارێزگاریکردن لە زمان و ناسنامەی کورد کردووە، گەر پێویست بکات تا کۆتایی تەمەنیشم ھەر چاوەڕێی دەکەم“.

ئەو رۆژەی ئەحمەد تورک لە سامسۆن لە ٢٠١٠ رووبەڕووی پەلامارێک بووەوە و دەموچاوی بەخوێن بوو، موڵکییە زۆر تووڕە بووە و دەڵێت: “ئەحمەد زۆر بەئاسایی وەری گرت، کەچی من ئەوەندەی ئەو ئاسایی نەبووم و زۆر تووڕە بووم. ئاخۆ چۆن دەتوانن دەست لە کەسێکی وەکوو ئەحمەد بەرز بکەنەوە، رەبی دەستیان بشکێت“.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئەگەر رۆژێک وەکوو ھاوسەری ئەحمەد تورک، لەگەڵ ئەمینە ئەردۆگان، ھاوسەری رەجەب تەییب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا دابنیشێ چی دەڵێت، گوتی: ”پێی دەڵێم من و تۆ دایکین، وەرە با کۆتایی بەو شەڕە بھێنین“.

سەبارەت بەو کارانەی پەکەکە و سیاسەتی کورد دڵگرانە و دەڵێت: ”لە ٢ ساڵی رابردوودا لەو تەقینەوانە نیگەرانم کە پەکەکە لە باکوور و تورکیا دەیکات، توندوتیژی لە ھەر کوێوە بێت نیگەرانم دەکات، چونکە توندوتیژی، توندوتیژی بەدوای خۆیدا دەھێنێت نەک چارەسەر“.

موڵکییە زۆر حەزی لەوە بووە ئەحمەد تورک گوڵی بۆ بکڕێت، بۆ ئەمەشیان دەڵێت: ”ھیچ جارێک گوڵی نەداومەتێ، زۆریشم پێ خۆشە گوڵم بۆ بکڕێت، بەڵام کە نەیکڕێت چی بکەم. ئەو ھەموو شتێکم بۆ دەکات، بەڵام تەنیا گوڵم بۆ ناکڕێت، ئەمەیش لە نەریتی ئێمەدا نییە، بۆیە ئەویش نایکڕێت“.













باسنيوز
Top