فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی ئەمریکا: کوردانی عێراق باشترین هاوپەیمانی ئێمەن
جەنەڕال رۆناڵد گرێفیس، لە وتارێکدا لە رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست) داوا لە وڵاتەکەی و یەکێتیی ئەوروپا دەکات، لە کاتی راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستاندا، پشتگیریی ئەو دەوڵەتە بکەن و دانی پێدا بنێن.
جەنەڕال رۆناڵد گرێفیس هەروەها رایگەیاندووە، سەربەخۆیی باشووری کوردستان و جیابوونەوەی لە عێراق ”لە بەرژەوەندیی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکایە و دەبێتە فاکتەرێکی سەقامگیریی ناوچەکە“.
ئەو فەرماندە باڵایەی ئەمریکا، کە لەساڵی 1995 تاوەکو 1997 جێگری سوپاسالاری ئەمریکا بووە، پێیوایە گەل و حکوومەتی باشووری کوردستان، ”باشترین“ هاوپەیمانی ئەمریکان و لە شەڕی دژی دەوڵەتی تیرۆریستیی داعش ”گەورەترین قوربانییان داوە“ بەبێ ئەوەی حکوومەتی عێراق هیچ پاڵپشتییەکیان بکات.
پێشتر لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.
باسنيوز
