باڵی ئیسلامییەکان کار بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گۆڕان دەکەن
بەپێی ئەو زانیارییانەی (باس) لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا دەستی کەوتووە، ئەو بزووتنەوەیە ئێستا دابەشی سەر چەندین باڵ و ئاراستەی جیاواز بووە، لەوانە باڵی کۆنە یەکێتییەکان کە لە ھاوڕێکانی نەوشیروان مستەفا و کادیرەکانی کۆنی یەکێتی پێکدێت، کە تا پێش کۆچی نەوشیروان مستەفا، بڕیاری یەکەمی بزووتنەوەکەیان بەدەستەوە بووە، باڵی ئیخوان و ئیسلامییەکان کە لە ژمارەیەک ھەڵسوڕاو و پەرلەمانتار و کادیری حزبە ئیسلامییەکان، بەتایبەتی ئەوانەی لە یەکگرتووی ئیسلامییەوە بوون بە گۆڕان پێکدێت، کە ئێستا لەدوای نەوشیروان مستەفا بە راکێشانی ھەست و سۆزی کادیرەکانی گۆڕان بە بەکارھێنانی سرووتە ئایینییەکان لەسەر گۆڕەکەی نەوشیروان مستەفا، کار بۆ دەستبەسەرداگرتنی بزووتنەوەکە دەکەن.
سەرچاوەکە ئاشکرای کرد، ھێنانی دەروێش و خەڵکانی ئیسلامی بۆ دوعا و پاڕانەوە لەسەر ئارامگەکەی نەوشیروان مستەفا، کاری ئەو باڵەی گۆڕان بووە، ھەوڵیان داوە لەو ماوەیەدا خزمەتی زۆری گۆڕەکەی نەوشیروان مستەفا بکەن، تا خۆیان زیاتر لە باڵە سەرەکییەکەی گۆڕان (کۆنە یەکێتییەکان) دڵسۆزتر نیشان بدەن و زۆرینەی کادیرەکانی گۆڕان لەدەوری خۆیان کۆ بکەنەوە.
سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە لەناو ئەو بزووتنەوەیەدا زۆر باڵی ناوچەگەری دیکەش ھەیە، وەکوو باڵی کەلارییەکان، ھەڵەبجەیی و شارەزووری، رانیە و قەڵادزێی، سلێمانی و ھەولێرییەکان، کە ئەوانیش ئێستا دابەشی سەر ئەو دوو باڵە سەرەکییە بوونە.
جگە لە پرسی باڵباڵێنی ئێستای گۆڕان، چاودێرانی سیاسی، ئەو پەیوەندییەی ئێستای گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامییش بە مەبدەئی نازانن، بەڵکوو پێیان وایە بۆ بەکارھێنانی یەکتر و کارکردنە لەسەر بنکەی جەماوەریی یەکتری، بەڵام لە دۆخێکدا ئەگەر باڵی ئیخوانەکان زیاتر لە گۆڕاندا بێنە پێشەوە، ئەوا بە قازانجی کۆمەڵی ئیسلامی نابێت، چونکە کۆنەکینەیەک لە دڵی کادیرانی پێشووی یەکگرتوو لەبەرامبەر بە عەلی باپیر و کۆمەڵی ئیسلامیدا ھەیە.
سۆران سێوکانی، چاودێری سیاسی و سەرکردەی جیابووەوە لە یەکگرتووی ئیسلامی رای گەیاند، گۆڕان و کۆمەڵ ئەو دوو ھێزە ھیچیان وەکوو پرەنسیپ ھاوپەیمان نین، گۆڕان لەلای خۆیەوە کۆمەڵ بەکار دێنێت تا ڕەوایی بدات بە ھەڵوێستی ناڕەزایی خۆی بدات، واتە خۆی تاقانە نەبێت لە ھەڵوێستی ڕەفزدا، دووەمیان ھەرچی کۆمەڵیشە بەتایبەتی ئەمیرەکەی، خۆی مەڵاس داوە، دوای کۆچی نەوشیروان مستەفا بێتە پێگە سیاسییەکەی و لەژێر سێبەری گۆڕانیشدا خۆیان گەشە پێ بدەن، بەڵام پێدەچێت نە گۆڕان بتوانێت ئەو ڕەواییە تا سەر وەربگرێت، نە کۆمەڵیش خەونی پێشەنگی بلۆکی ناڕەزایی بەدەست دێنێ.
مەنسووڕ ئەنوەر بەگ، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوە دا، وەکوو باڵ لەناو گۆڕاندا ھیچ باڵێک بەناوی ئیسلامی و عەلمانی نییە، بەڵام گۆڕان رێگەی داوە ھەر کەسێک لە ھەر جۆرێک تێگەیشتندا بێت سەبارەت بە ئایین و نەتەوەکان ئازادە ھەڵسوڕاو و کادیری گۆڕان بێت.
گوتی: “ئەوەی لەنێوان گۆڕان و کۆمەڵیشدا ھەیە تەنیا ھاوھەڵوێستییە، لەو بڕوایەدا نین کۆمەڵ کار بۆ راکێشانی کادیرەکانمان بکات، جگە لەوەش کادیرەکانی گۆڕان خۆیان چاویان ھەیە کە بوون بە گۆڕان، کۆمەڵیش ھیچ وەسیلەیەکی بەدەستەوە نییە بتوانێ بە ماددە یان بە پۆست و پلە و پایە کادیرەکانمان رابکێشێت، ئێمەش نیمانە”.
شوان رابەر، بڕیاردەری سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی رای گەیاند، ئەوە راستە لەنێوان کۆمەڵ و گۆڕان تا ئێستا ھیچ رێککەوتنێکی نووسراو نییە، تەنیا لەسەر ھەندێ پرس ھاوھەڵوێستین، ھەروەکوو لە ھەندێ شتی دیکە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە وا رێک کەوتووە ھاوھەڵوێست بین، گوتی: “ئەوەی ھەیە، رای سەربەخۆیانەی خۆمانە و لە ھەندێ شتدا پێشتر لەگەڵ گۆڕان و لایەنەکانی دیکەش ناکۆک بووین، کۆمەڵ پارتێکی سەربەخۆیە و وابەستەی سیاسەتی ھیچ کەس و حزبێک نییە و ھاوھەڵوێستی بۆ بەرژەوەندیی خۆی دانانێت”.
پێشتریش، عومەر شێخ مووس، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رای گەیاندبوو، کە لە کاتی دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان و بەردەرکی سەرا و ١٧ شوبات، بۆ راگرتنی تەوازونی سیاسی لە کوردستان. بە شێوەی پراگماتی ھەندێ کەسی ئیسلامییەکان لەناو ریزەکانی گۆڕان وەرگیراون، بەڵام وا خەریکە دەبن بە فاکتەری ململانێیەکی گەورەک لەناو گۆڕاندا، گوتیشی: “ھەر ئەو فراکسیۆنە ئیسلامییە بوو کە ھەڵوێستی توندی بەرامبەر بە لایەنەکانی تریش نیشان دا، کە بۆ دۆخی کوردستان باش نەبوو، لەبەرئەوە پێویستە سەرکردایەتیی گۆڕان بەخێرایی چارەسەری ئەو رەوشەی خۆی بکات، کە بەھۆی ئەوانەوە بۆی دروست بووە”.
باسنيوز
