گۆڕان لەبەر چەند ھۆیەک، خۆی لە پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان دەدزێتەوە و مەبەستیەتی بۆ پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردن بەکاری بھێنێت
فرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری پارتی لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان رای گەیاند، ئەگەر پەرلەمان کارا بێتەوە و ھەر یاسایەک دەربکات، دەبێت بەڕیز مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان واژۆی لەسەر بکات، گۆڕانیش نایەوێ خۆی بخاتە مەوقیفێکەوە دان بە سەرۆکایەتیی بارزانیدا بنێت، کە پێشتر لەسەر ئەو پرسە، بردوویانەتە مێشکی لایەنگرانی خۆیانەوە.
گوتیشی: ”ئەوە روونە کە گۆڕان لە ھەموو حاڵەتەکان مەبەستی کاراکردنەوەی پەرلەمان نییە، بەڵکوو مەبەستی خۆئامادەکردن و پڕوپاگەندەیە بۆ ھەڵبژاردن و ھەر لە ئێستاشەوە دەستی پێ کردووە، ئەگەر نا ئەو موبادەرەیەی پارتی کردی بۆ خەڵکی کوردستان، کە ئومێدی زۆری بەخشی، ئەگەر گۆڕان مەبەستی بوایە پەرلەمان کارا بکرێتەوە یەکسەر رەتی نەدەکردەوە و داوای دانوستان و گفتوگۆی دەکرد“.
ھاوکات، بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، ئەو کاتەی فواد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان رۆیشتووەتە لای نەوشیروان مستەفا، رێکخەری کۆچکردووی بزووتنەوەی گۆڕان، نەوشیروان مستەفا و سەرکردەکانی گۆڕان رەزامەندییان بە گۆڕینی یوسف محەمەد نیشان داوە، بەمەرجی ئەوەی ئەو سەرۆکایەتییە لە دەستی گۆڕاندا بمێنێتەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە، بەپێی زانیارییەکان، کە لە سەرچاوەیەکی ئاگادار پێی دراوە، باڵێکی گۆڕان ئێستا زۆر بەتوندی دژی کاراکردنەوەی پەرلەمان وەستاوەتەوە، چونکە پێی وایە لەو پرسەدا گۆڕان دوو زیانی بەر دەکەوێ، یەکەمیان: ھیچ ھۆکارێکی بەدەستەوە نامێنێ کە دژایەتیی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستانی پێ بکات، دووەمیان: لە ھەڵبژاردنی داھاتووی کوردستاندا ئەو کارتەیان بەدەستەوە نابێت کە ئێستا لە رێگەی کارانەبوونەوەی پەرلەمانەوە پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردنی پێ دەکەن.
سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکراش کرد، یەکێتی لەو ھەڵوێستەی گۆڕان زۆر نیگەران بووە و پێی وایە گۆڕان بۆ مەبەستی خۆی یاریی بە یەکێتی کردووە، کاتێک لە دانیشتنەکاندا رەزامەندیی بەو پێشنیازەی یەکێتی بۆ پارتی، لە پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان نیشان داوە کەچی دوای رازیبوونی پارتی، گۆڕان رەتی کردووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، لەدوای رەتکردنەوەی پێشنیازەکەی یەکێتی، ئەو رایە لەناو یەکێتیدا بەھێز بووە کە لەگەڵ پارتی و لایەنەکانی دیکە پەرلەمان کارا بکەنەوە و یاسایەک بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم دەربکەن، چونکە یەکێتی پێی وایە لە ھەموو بارودۆخێکدا ریفراندۆم دەکرێت و سەرکەوتووش دەبێت.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو، یەکێتییش لەو نیازەی گۆڕان گەیشتووە کە نایەوێ پەرلەمان کارا ببێتەوە، بەتایبەتی لەو بیانووەی کە باس لە پرسی یاسای سەرۆکایەتی دەکات، کە ھەموو لایەک دەزانن ئەو پرسە لە پەرلەمان شکستی ھێناوە و رێژەی یاسایی بۆ کۆ نەکراوەتەوە، ئەوە پرسێکە بەو چەند مانگەی تەمەنی پەرلەمان کۆتایی نایەت و ئەگەر دووبارە بخرێتەوە ناو کاری پەرلەمانیش، ئەوا لە خولێکی دیکەدا دەبێت بە تەوافوقی سیاسی یاساکە ھەموار بکرێتەوە.
حاجی کاروان، پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی بۆ (باس) رای گەیاند، ئەگەر پەرلەمان کارا بێتەوە و ھەموو لایەنەکان مەبەستیان بێت، ئەوا لەو ماوە کەمەشیدا دەتوانێ یاسای ریفراندۆم و سەربەخۆیی و چەندین یاسای دیکەی پەیوەست بە بارودۆخ و ژیانی خەڵکی کوردستان تێ پەڕێنرێت، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت لەو پرسەدا ھەنجەت و بیانوو ھەیە، گوتیشی: ”پارتی کە دەستپێشخەریی کرد بۆ ئەو پرسە، دەشتوانێ ھەنجەتی گۆڕان نەھێڵێت و مەرجەکەشی لا بدات، ئەوکات دەردەکەوێ کە گۆڕان بەڕاستی دەیەوێ پەرلەمان کارا بکرێتەوە یان مەبەستی دیکەی ھەیە“.
بەڵام، عومەر عینایەت، پەرلەمانتاری گۆڕان بە کەناڵی (کوردستان ٢٤)ی راگەیاندووە، ئەوان وەکوو گۆڕان ناتوانن سەرۆکایەتیی پەرلەمان وەربگرنەوە تا بابەتی سەرۆکایەتیی ھەرێم یەکلا نەکرێتەوە، چونکە پەرلەمان یاسا بۆ سەرۆکی ھەرێم دەنێرێت و ئەوەش گۆڕان دەخاتە دۆخێکەوە کە دان بە سەرۆکایەتیی بارزانیدا بنێت.
لای خۆشیانەوە، دلێر ماوەتی، پەرلەمانتاری یەکێتی رای گەیاند، بارزانی وەکوو یەکێک لەو کاریزمایانەی کە ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا رۆڵی ھەیە و لەم قۆناغەدا کە پڕۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان لەپێشە، پێویستە بە ھەر شێوەیەک بێت بڕیار بدات پەرلەمان بەبێ مەرج کارا بکرێتەوە، گوتی: ”کاراکردنەوەی پەرلەمان بێ مەرج زۆر شت روون دەکاتەوە“.
لای خۆشیەوە، ئەبو کاروان، سەرۆکی فراکسیۆنی حزبی شیوعی لە پەرلەمانی کوردستان رای گەیاند، بۆ مەرجی دووبارە گەڕانەوەی یاسای سەرۆکایەتیی ناکرێ پەرلەمان کارا نەکرێتەوە، گوتی: “یاساکە کە رێژەی یاسایی بۆ کۆ نەکرایەوە، ئیتر بایەخی نەماوە، ھەر بۆیەش ئەگەر بمانەوێ جارێکی دیکە لە پەرلەمان باس لەو یاسایە بکەینەوە، دەبێت ھەم دیسان ھەموو رێوشوێنە یاساییەکانی بۆ بگیرێتەوە بەر، ھەر یاسایەک کە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا و لە دووەمدا رێژەی یاسایی ئامادە نەبوو، ئەوا لە رووی یاساییەوە ئەو یاسایە بە نەبوو دادەنرێت، ھەر یاسایەکیش لە پەرلەمان پەسەند بکرێت، دەنێردرێتە سەرۆکایەتیی ھەرێم و دەبێت سەرۆکی ھەرێم واژۆی بکات”.
باسنيوز
