ھۆشداری لەبارەی کردنەوەی ئاوی پشدەر بە ھاووڵاتییان دەدرێت
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای نزیکەی 10 ڕۆژ لە گرتنەوەی ئاوی پشدەر، ئاوەکە بەربداتەوەو قایمقامی پشدەریش ھاووڵاتییان و گەشتیاران ئاگادار دەکاتەوە کە وریای خۆیان بن.
بەکر بایز، قایمقامی پشدەر، ڕاگەیاند: "ئەمرۆ دووشەممە 3/7/2017 لەلایەن فەرمانداری سەردەشت پێمان راگەیەنرا کە کاتژمێر 5:00ی ئێوارە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەشێک لە ئاوی بەنداوی (کۆلەسە) بەردەداتەوە، کە ماوەی 10 ڕۆژە گرتویەتیەوە".
قایمقامی پشدەر، ئەوەشی خستەڕوو: "بۆ ئەو مەبەستە داوا لە ھاووڵاتییان، گەشتیاران، ڕاوچیان و ئەوانەی لە زێیەکە نزیکن دەکەین، کە ئاگاداری خۆیان بن بۆ ئەوەی لەکاتی زیادبوونی ریژەی ئاوەکە تووشی ھیچ زیانێکی گیانی و مادی نەبن".
لە 22/6/2017وە، کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەمەبەستی پڕکردنی بەنداوی (کۆڵەسە)ی سنووری شاری سەردەشت، ئاوی زێی بچووکی لە سنووری پشدەر گرتوەتەوە و بەو ھۆیەوە گرفتێکی زۆر بۆ جووتیاران و ئاوی خواردنەوەی ھاووڵاتییان و سامانی ماسی و بوارەکانی دیکە لە سنوورەکە دروست بوو.
bas news-
