سانری: جیۆپۆلیتیکی کوردستان بووەتە هۆی سەقامگیریی ئاسایشی جیهان

 	 سانری: جیۆپۆلیتیکی کوردستان بووەتە هۆی سەقامگیریی ئاسایشی جیهان
چاودێریکی سیاسیی باکووری کوردستان پێی وایە، بارودۆخێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووی داوە و بە دەیان ساڵ بەردەوام دەبێت و لە دوای ٢٠٠٣وە پاش ئیسرائیل، لە ڕۆژهەلاتی ناویندا لە ڕووی ئاسایش و پێشکەوتنی کۆمەڵگا و پەیوەندیی نێودەوڵەتی و جەنگی دژی داعشەوە هەرێمی کوردستان نموونەیەکی هەرە سەرکەوتووە.

(محەمەد سانری)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''نیزیکەی ٢ ملیۆن پەنابەر لە هەرێمی کوردستانن، ئەگەر ئەم پەنابەرانە لە هەر وڵاتیکی ئەورووپی بوونایە، بارودۆخی نەئاسایی لەو وڵاتە درووست دەبوو، ئێستا کوردستان بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ هەموو جیهان، بەتایبەت لە ڕووی ئاسایشەوە، ئەمەش سیاسەتێکی سەرکەوتووی هەرێمی کوردستانە.''

(سانری) دەشڵێت: ''هەرێمـی کوردستان لە ڕووی جیۆپۆلیتیکیشەوە بووەتە هۆی سەقامگیریی ئاسایش بۆ هەموو جیهان، بەتایبەت بۆ وڵاتانی پێشکەوتوو، نموونەیەکی گەشیشە بۆ پێکەوەژیان لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا.''

ئەم چاودێرە سیاسییە ئەوەیشی خستەڕوو: ''شەڕێکی گەورە لە نێوان هێزەکانی وڵاتانی ئەتالانتیکدا هەیە و ئەمە شەڕێکی جیۆپۆلیتیکە و ئەم شەڕەش لە ئۆکرانیا تاکو وڵاتانی کەنداو دێت و لەم شەڕەدا کوردستان جێی خۆی لە جیهانی ئازاد و دیموکراتیدا گرتووە، لەبەر ئەوەش ئەگەر وڵاتێکی وەک هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندرا، هەندێک وڵات ناتوانن پشتیوانیی خۆیان دیار بکەن، ئەویش لەبەر هەندێک بەرژوەندیی هەرێمیی خۆیان، بەڵام دژایتیشیان نەکردووە.''

(سانری)، ئەوەیشی گوت: ''کاتیك دەوڵەتی کوردستان ڕاگەیەنرا لە باشوور هیچ زیانێکی بۆ دنیا نابێت، بەڵکو دەوڵەتێکی ئەرێنی دەبێت بۆ تەواوی جیهان، چونکە وڵاتی وا هەن لە هەبوونی تیرۆردا ماون، بەڵام هەرێمی کوردستان لە دژی تیرۆر دەجەنگێت، ئەمەش لایەنێکی ئەرێنیی زۆری بۆ جیهان هەیە.''

kdp-
Top