بەلۆ: عێراق ئەمجارەیش لەو سکاڵایەدا کە دژی هەرێم کردوویەتی دەدۆڕێت
دکتۆر (عەلی بەلۆ)، ڕاوێژکاری پێشووی وەزارەتی سامانە سرۆشتییەکانی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''حکوومەتی عێراق سکاڵایەکی دیکەی لە دادگا دژی ھەرێمی کوردستان تۆمار کردووە لەبارەی فرۆشتنی نەوت، ئەمەش لە کاتێکدا بووە، کە کەشتییەکی نەوتھەڵگر نەوتی ھەرێمی کوردستانی ھەڵگرتووە بەرە و ئەمریکا، ھاوشێوەی دوو ساڵی ڕابردوو بەغدا دەیەوێت کێشە و ئاستەنگ بخاتە ھەمبەر ھاوردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی دەرەوە، بەڵام بەر لە ساڵێک عێراق شکستی ھێنا لە تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وڵاتان ئامادەبوون نەوتی ھەرێم بکڕن و گوێیان بە سکاڵا و گلەییی بەغدا نەدا.''
دکتۆر (عەلی بەلۆ) ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''پێم وایە سکاڵای ئەمجارەی عێراق لەسەر نەوتی ھەرێمی کوردستان ھیچ ئەنجامێکی ئەوتۆی نابێت و لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستان تەواو دەبێت، چونکە زۆربەی ئەو وڵاتانە جاری پێشوو بڕیاری دادگایان پێ گەیشتووە، فڕۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان ھیچ کێشەیەکی تێدا نییە و بە شێوەیەکی فەرمی ڕەوانەی بازاڕەکانی جیھان دەکرێت، ئەوەی بۆ حکوومەتی عێراق دەمێنێتەوە لە تۆمارکردنی ئەو سکاڵایانە تەنیا ئەوەیە کە خەرجی دادگاکان دەکەوێتە سەر عێراق و لەو ڕێگەیەوە پارەیەک بەھەدەر دەدەن.''
kdp-
