ماجد بازرگان: تورکمانەکان لە هەموو شوێنێکدا لە کەرکووک و تەلەعفەریش پاڵپشتی ریفراندۆم دەکەن
(ماجد بازرگان)، سەرۆکی فڕاکسیۆنی ھەولێری تورکمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''گەلی تورکمان بە ھەموو ڕەنگ و دەنگەکانییەوە لەگەڵ ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمە بۆ سەربەخۆییی کوردستان؛ چ ئەوانەی لە ھەرێمی کوردستانن، یان تورکمانەکانی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی تورکمانەکانی کەرکووک، تەنانەت ئێمە قسەمان لەگەڵ تورکمانەکانی قەزای تەلەعفەریش کردووە لەبارەی ڕیفڕاندۆم و ئەوانیش ئامادەییی خۆیان پێشان داوە، لە پڕۆسەکەدا بەشداری بکەن و ناوچەکانیان بخرێنە سەر ھەرێمی کوردستان، تورکمانەکانی تەلەعفەر داوای پاراستنی ناوچەکانیان دەکەن، لە لایەن ھێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە.''
دەربارەی دابەشبوونی تورکمان بۆ سەر دوو بەرە، ئەو نوێنەرەی تورکمان دەڵێت: ''تورکمانەکان لە ھەرێم و دەرەوەی ھەرێمی کوردستانیش پاڵپشت و بەشداری لە ڕیفڕاندۆمی ئەیلوولی داھاتوو دەکەن، ئەوەی لەگەل ڕیفڕاندۆم نییە، تەنیا بەرەی تورکمانییە لە کەرکووک، ئەوانیش ئەجێندایەکی دەرەکییان لەپشتە و ژمارەشیان زۆر کەمە، ناکرێت حزبێکی بچووک، کە بۆچوونی جیاوازی ھەیە، بگۆترێت تورکمان دوو بەرەیە.''
(ماجد بازرگان) گۆتیشی: ''ئەوانەی باسی دواخستن یان ئەنجامنەدانی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستان دەکەن، ھیچ بنەمایەکیان نییە، چونکە پارت و ھێزە سیاسییە کوردستانییەکان ڕژدن لەسەر ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم لە ٢٥ی ئەیلوولی داھاتوودا، لێ ڕاستییەک ھەیە، کە دەمەوێ ھاووڵاتیان لێی ئاگادار بن، دەستێک پەیدا بووە لە دەزگای ڕاگەیاندنەکان و سۆشیالمیدیا پڕوپاگەندە لە نێو خەڵکی بڵاو دەکەنەوە بۆ چاوترساندنی ھاووڵاتیان، کە گوایە ئەگەر ڕیفڕاندۆم بکرێت ڕەوشی ئابووریی ھەرێمی کوردستان خراپتر دەبێت و دەبێتە گرانی، ئەوەش دەستی لەپشتە و پێویستە ھاووڵاتییان ئاگادار بکرێنەوە، دوای ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە دەچێنە قۆناغێکی گەورەی گەشەکردن و ئابووریی کوردستان بەرەو پێشەوە دەچێت، با خەڵکی گوێ لە قسەی ھەندێ لایەن و کەس نەگرن، کە بۆ مەرامی سیاسیی خۆیان، ھەندێ پڕوپاگەندە دەکەن.''
kdp-
