شارەزایان: مووسڵی دوای داعش خراپتر دەبێ؛ نابێ هەڵەكانی مالیكی دووبارە بكرێنەوە

شارەزایان: مووسڵی دوای داعش خراپتر دەبێ؛ نابێ هەڵەكانی مالیكی دووبارە بكرێنەوە
شارەزایان و بەرپرسانی سەربازی پێیان وایە دوای نەمانی داعش لە مووسڵ نابێ هەمان هەڵەكانی (مالیكی) دووبارە بكرێنەوە، دەبێ هێز لە خەڵكی ناوچەكە دروست بكریت و ئێدارەی شارەكە ڕادەستی خۆیان بكریت.

"حكوومەتی عێراق ستراتیژییەكی ڕوونی بۆ مووسڵی داهاتوو نییە''
پرۆفیسۆر دكتۆر (خەلیل ئیسماعیل)، شارەزای جوكرافیای سیاسی، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''مووسڵ لە ڕووی سیاسی و جوگرافییەوە تایبەتمەندیی خۆی هەیە، لە دوای نەمانی داعش لە مووسڵ كۆمەڵێك كێشەی نوێ سەرهەڵدەدەن. ئەو كێشانەش پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆیان بە سوننەكانی ئەو ناوچانەوە هەیە، چونكە هەر ناوچەیەك و بۆچونێكی جیاوازی هەیە و مووسڵ ناوچەیەكی تێكەڵە لە نەتەوە و ئایینی جیاواز، هەر نەتەوە و ئاینێكیش چاوەڕوانی كۆتاییهاتنی شەڕی مووسڵە و دەیهەوێ دەستكەوت بۆ خۆی بەدەست بێنێت.''
ئەو شارەزایەی جوگرافیای سیاسی ڕوونی كردەوە: ''مووسڵ پەیوەندییەكی زۆری بە كوردەوە هەیە، بەتایبەت لە ڕووی ئەمنییەوە. لە لایەكی تریشەوە كورد سوورە لەسەر ئەوەی ئەو ناوچانەی كێشە لەسەرن و پێشمەرگە ئازادی كردوون دەبێ بە دەستوور ڕیفراندۆمیان تێدا بكرێ و بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان.''
سەبارەت بە ئایندەی ئەو شارە (خەلیل ئیسماعیل) ئاماژەی بەوە كرد: ''هەرچەندە سەرۆكوەزیرانی عێراق باسی لەوە كردووە مووسڵ دەبێ بگەڕێتەوە دۆخی پێش داعش، بۆچوونێكیش هەیە بەڕێوەبردنی سەربازیی شارەكە بدرێتەوە خەڵكی شارەكە، بەڵام حكوومەتی عێراق ستراتیژییەكی ڕوونی بۆ مووسڵی داهاتوو نییە.''

''مووسڵی دوای داعش خراپتر دەبێت لە مووسڵی پێش داعش''
لای خۆیەوە (لیوا محەمەد ڕێگر)، فەرماندەی میحوەری ڕۆژئاوای كەركووكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''مووسڵی دوای داعش خراپتر دەبێت لە مووسڵی پێش داعش، چونكە سوننە لەو شارە بە ئامانج گیراوە، خەڵكەكەیشی بەم دۆخەوە ئامادە نین بگەڕێنەوە مووسڵ. چونكە هەژموونی شیعە بەسەر شارەكەوە زاڵە و داگیریان كردووە. لە لایەكی تریشەوە هیچ شتێك بە ناوی دەسەڵاتی سوننی و سووننەوە نەماوە لە ناو سەنتەری شارەكەدا بۆ ئەوەی دەورێكی ڕاستەقینەی هەبێت.''
ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە ئاشكرای كرد: ''میلیشیا شیعەكان دەستیان بەسەر مووسڵدا گرتووە و بانگەشەی ئەوە دەكەن، كە خۆیان ئازادیان كردووە و ئامادە نین چۆڵی بكەن.''
روونیشی كردەوە: ''ئاقڵانەترین ڕێگا لە ڕووی سەربازییەوە بۆ مووسڵی دوای داعش ئەوەیە كە هێزێك لە خەڵكی شارەكە دروست بكرێت و هێزیكی ڕێكخرا و پوخت بێت. ئەوكات مووسڵ لەوانەیە بگەڕێتەوە دۆخی بەر لە داعش.''

''نابێ هەمان هەڵەكانی (مالیكی) دووبارە بكرێتەوە''
(شاخەوان عەبدوڵڵا)، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''هەموو ئەگەرەكان بۆ مووسڵی دوای داعش دەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی كە عەقڵییەتی هەڵسوكەوتكردنی حكوومەتی عێراق لە دوای داعش لەو شارەدا چۆن دەبێت. چونكە سیاسەتە هەڵەكانی ئەو حكوومەتە بوو لە ساڵی 2007 تا ساڵی 2014 وای كرد، خەڵكەكەی لە بێزاریان بەو شێوەیە باوەش بۆ داعش بكەنەوە، هەر كەوتنی مووسڵێش بوو كە وای كرد داعش چەندین شاری تری عێراق بە ئاسانی داگیر بكات.''
(شاخەوان عەبدوڵڵا) ڕوونی كردەوە: ''ئەگەر بێت و هێزە شیعەكان و گرووپەكانی حەشدی شەعبی لە دوای داعش لە مووسڵدا بمێنن ئەوا سوننەكانی مووسڵ هەر زووبەزوو ڕیتمی داعش لە شێوە و ناوێكی تردا دووبارە دەكەنەوە. چونكە كاتی كەوتنی مووسڵ ئەو ڕاستییەمان بۆ دەركەوت، كە خەڵكی شارەكە داعشیان هێنا بۆ ڕزگاربوون لە هێزی بێگانە. چونكە مووسڵاوییەكان هەموو هێزێك ڕەت دەكەنەوە، ئەگەر لە خۆیان نەبێت. تەنیا دەبێ هێزێك لە سوننەكانی شارەكە بۆ پاراستن و بەڕێوەبردنی شارەكە پێك بهێندرێت.''
سەبارەت بە مووسڵی پاش داعش، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: "دەبێ شێوازی ئێدارەی مووسڵ و هەڵسوكەوتی حكوومەتی عێراق گۆرانكاری تێدا بكرێت، تاكە چارەی ئاقڵانە و دروست بۆ مووسڵی دوای داعش ئەوەیە، كە مووسڵ بكرێتە هەرێمێك و چەند پارێزگایەكی لێ جیا بكرێتەوە. نابێ هەمان هەڵەكانی (مالیكی) دووبارە بكرێتەوە، دەبێ هێز لە خەڵكی ناوچەكە دروست بكریت و ئێدارەی شارەكە ڕادەستی خۆیان بكریت، چونكە بە پەراوێزخستن و هێنانی هێزی نامۆ بۆ ناو مووسڵ بە ماوەی یەك ساڵ هەمان بەزمی داعش بە شێوەیەكی جیا و بە ناوێكی جیا دووبارە دەبێتەوە.''
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی دەسەڵاتی (نووری مالیكی)دا، داعش نیزیكەی نیوەی خاكی عێراق (پارێزگاكانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە، ئەنبار و بەشێك لە ناوچەكانی باشووری كەركووك)ی داگیر كرد. لە ڕۆژی 17ی تشرینی یەكەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆن بۆ ڕزگاركردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كردووە.
kdp-
Top