ئەمرۆ یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی رێبوار تاڵەبانی بەڕێوەچوو

ئەمرۆ یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی رێبوار تاڵەبانی بەڕێوەچوو
یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، لەسەر هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەو شارە، بەڕێوەچوو. رێبوار تاڵەبانی دەڵێت: دادگاییكردنەكە بەشێوەیەكی باش بەڕێوەچووە.

رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 3-7-2017 یەکەم دانیشتنی دادگا لەسەر ئەو پرسە بەشێوەیەكی ئاسایی و باش بەڕێوەچووە.

دوای وەرگرتنی گوتەی پارێزەرەكانی، دادگا رۆژی 24-7-2017ی بۆ دانیشتنی داهاتووی دادگاییكردنەكە دیاریكردووە.

پێشتر پێنج ئەندامی بەرەی توركمانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لەسەر هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك سكاڵای یاساییان لەسەر رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، لە دادگای ئیدارەی وەزارەتی دادی عێراق، تۆماركردبوو.

رێبوار تاڵەبانی دەڵێت: هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك بەشێوەیەكی یاسایی ‌و دەستووری بووە، هیچ كێشەیەكی یاسایی تێدا نییە.

رۆژی 28-3-2017 ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بڕیاریدا لەسەرجەم فەرمانگە‌ و دامودەزگا حكومیەكانی كەركووك، لەپاڵ ئاڵای عێراق، ئاڵای كوردستانیش هەڵبكرێت، ئەو بڕیارە كاردانەوەی جۆراوجۆری لە ناوخۆ‌ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان لێكەوتەوە‌، بەرەی توركمانیش لە كەركووك یەكێك بوو لەو لایەنانەی بە تووندی دژی ئەو بڕیارە وەستایەوە.

محمد سلێمان
Top