قائیمقامی قەزای پشدەر: ئێران ئاوی زێی بچووک بۆ هەرێمی کوردستان بەردەداتەوە

قائیمقامی قەزای پشدەر: ئێران ئاوی زێی بچووک بۆ هەرێمی کوردستان بەردەداتەوە
قائیمقامی قەزای پشدەر رایگەیاند، فەرمانداری سەردەشت پەیوەندەی پێوەکردوین و ئاگاداریكردینەوە کە ئەم ئێوارەیە بەشێك لە ئاوی زێی بچووك بۆ هەرێمی كوردستان بەردەدرێتەوە.

بەكر بایز، قائیمقامی قەزای پشدەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: كە ئەمرۆ فەرمانداری سەردەشت (ئاغای جەهانی) ئاگاداریكردینەوە، كاژێر 5ـی ئێوارەی رۆژی دووشەممە 3-7-2017، بەشێك لە ئاوی زێی بچووك بەردەدەنەوە كە بەهۆی بەنداوی كۆڵسە لە سەردەشت گڵدراوەتەوە، ئاو بەردانەوەکەش بەردەوام دەبێت و دووبارە ناگیرێتەوە.

قائیمقامی قەزای پشدەر دەڵێت: داوا لەو هاونیشتمانیانە دەکەین کە بە ئامانجی گەشت و مەلەکردن و راوی ماسی یاخود هەر کارێکی دیکە نزیکن لە ئاوی زێی بچووک ئاگاداری خۆیان بن، بۆ ئەوەی لەکاتی زیادبوونی رێژەی ئاوەکە تووشی هیچ زیانی گیانی و ماڵی نەبن و رووداوی نەخوازراوی لێنەکەوێتەوە.

رۆژی 24-6-2017 گرتنەوەی ئاوەی زێی بچووک بەهۆی بەنداوی کۆلسە کێشەی بۆ هاونیشتمانیانی قەڵادزێ دروستکرد. هەروەها لانی کەم 60%ـی ئاوی بەنداوی دوکانیس کەمی کرد.

عەبدولسەتار مەجید، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە رووداوی راگەیاند: ئێران 11 بەنداو لەسەر زێی بچووک دروست دەکات، کە 9 یان لەسەر رووباری سیروان و لقەکانییەتی کە لە سیروان دەکرێنەوە و بەنداوی دەربەندیخان پێکدەهێنن، وە ئەو بەنداوانەی لە ئێران دروست دەکرێن زیاتر لە میلیارێک مەتر سێجا ئاو گلدەدەنەوە لەو ئاوانەی کە دێنە هەرێمی کوردستانەوە.

محمد سلێمان
Top