لە كۆنگرەیەكدا لە ئێران ناكۆكی و دەمەقاڵی لەبارەی گشتپرسی كوردستان دروست دەبێت
ئەمرۆ ماڵپەری رووداو بڵاوی كردۆتەوە كە ماوەی دوو رۆژە دەیەمین كۆنگرەی گشتیی یەكێتی رادیۆ و تەلەڤزیۆنە ئیسلامییەكان لە شاری مەشهەدی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی بە كارەكانی كردووە و تێیدا دوو شاندی هەریەك لە یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان بەشدارن.
لە دووەم رۆژی كۆنگرەکەدا چەند پانێڵێك سازکراون كە یەكێك لە پانێڵەكان تایبەت بووە بە دەستوەردانی ئەمریكا و ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و، بابەتێكی تایبەت بووە بە پرسی ئەنجامدانی گشتپرسی لە باشووری كوردستان.
د.هۆگر غەریب، ئەندامی شاندی میدیاكانی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: بەداخەوە ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی تەلەڤزیۆن و نوێنەری میدیا عەرەبی و ئیسلامییەكان، بەتایبەت شیعەكانی عێراق گشتپرسیی باشووری كوردستانیان بە پیلانی ئەمریكا و ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەسفكرد، هەندێكیان زۆر شۆڤێنیانە باسی گشتپرسییان كرد، ئێمەش بەتووندی وەڵاممان دانەوە و پێیمان راگەیاندن كە ئەمە مافێكی شەرعی و یاسایی گەلی ئێمەیە وەكو هەر نەتەوەیەكی دیكە مافی چارەنووسی خۆی دیاری بكات.
هۆگر غەریب زیاتر روونکردنەوەی لەسەر بابەتەکە داو گوتی: بەشێك لە ئامادەبووان گشتپرسیی باشووری كوردستانیان بە پارچە پارچەكردنی كۆمەڵگەی ئیسلامی و دژایەتی ئیسلام وەسفكرد، ئێمەش بۆمان روونكردنەوە كە پیادەكردنی مافی چارەی خۆنووسین هیچ ناكۆكی و دژایەتییەكی لەگەڵ بنەماكانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام نییە، بەپێچەوانەوە ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ئیسلام ئەوا چەندین ساڵە ستەم لە گەلی كورد دەكرێ و لە مافی رەوای خۆی بێبەشكراوە كیانێكی سیاسی سەربەخۆی هەبێت، لەكاتێكدا خزمەتی زۆری بە مێژووی ئیسلام و موسڵمانان كردووە.
نۆیەمین كۆبوونەوەی گشتیی یەكێتی رادیۆ و تەلەڤزیۆنە ئیسلامییەكان بە بەشداری سەتان میوان و نوێنەری 230 كەناڵی میدیایی ئیسلامی لە 26 وڵاتەوە بۆ ماوەی 3 رۆژ لە شاری مەشهەدی ئێران بەڕێوەدەچێت، لە كۆنگرەکەدا هەریەك لە عەلی شەمخانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و عەممار حەكیم، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق بەشدارییان كردووە و گوتاریان پێشكەشكردووە.
محمد سلێمان
