پۆلیسی سلێمانی ھۆکاری زۆری رووداوەکانی کوشتن لەو شارە ئاشکرا کرد

 پۆلیسی سلێمانی ھۆکاری زۆری رووداوەکانی کوشتن لەو شارە ئاشکرا کرد
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی، ئاماژە بەوە دەدات کە بەشی زۆری ئەو حالەتانەیی کوشتن کە لە سلێمانی ڕوودەدات، بەھۆی کێشەی کۆمەڵایەتی و نەگەڕانەوەیە بۆ یاسا.

سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی،ڕایگەیاند: "حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتن لە شاری سلێمانیدا ڕووی لە زیادبوون کردووە، ئەوەش بەھۆی نەگەڕانەوەی ھاووڵاتییانە بۆ یاسا و ئەیانەوێت خۆیان ببنە ھەموو شتێک و کێشەکان چارەسەر بکەن، بەشی زۆری کێشەکانیش بۆ ساڵانێکی زۆر لەمەو پێش دەگەڕێتەوە، تا ئێستا چارەسەر نەکراون".

گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی، ئەوەشی خستەڕوو: "ھەموو حاڵەتەکان ھی ناوخۆی سلێمانی نییە، بەڵکو ھەندێکیان ھی دەرەوەن، ئێستا ئەو حاڵەتەی لە گەڕەکی بەختیاری ڕوویدا ژن و مێردەکە خەڵکی سنووری قەزای کۆیە بوون و پێنج ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە، بەڵام کێشەکەیان لە نێوان دوو بنەماڵەدا دروست بووە و چارەسەر نەکراوە، کەسوکارەکەیان دووە کەسەکەیان کوشتووە، ھەروەھا ئەو کوڕەی لە وڵوبە کوژرا، کێشەی لەگەڵ کەسێک ھەبووە و خۆی ویستوویەتی کێشەکە چارەسەر بکات، بەڵام دەمەقاڵە دروست بووە و بەرامبەر تەقەی لێکردووە، بەو ھۆیەوە گیانی لەدەست داوە، ھەموو ئەمانەش بەھۆی نەگەڕانەوە بۆ یاسا ڕوودەدەن".

ئاشکراشی کرد: "حاڵەتەکان و کێشەکان بە پۆلیسی سلێمانی چارەسەر ناکرێت، بەڵکو ھەموو وەزارەتەکان و تەنانەت مامۆستایانی ئایینیش لە حالەتەکان بەرپرسیارن، دەبێت خەڵک وشیار بکەنەوە، بۆ ئەوەی فێر ببن کە کێشەکانیان لە ڕێگای یاساوە چارەسەر بکەن و مافی خۆیان وەربگرن".














باسنیوز
Top