پۆلیسی سلێمانی ھۆکاری زۆری رووداوەکانی کوشتن لەو شارە ئاشکرا کرد
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی،ڕایگەیاند: "حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتن لە شاری سلێمانیدا ڕووی لە زیادبوون کردووە، ئەوەش بەھۆی نەگەڕانەوەی ھاووڵاتییانە بۆ یاسا و ئەیانەوێت خۆیان ببنە ھەموو شتێک و کێشەکان چارەسەر بکەن، بەشی زۆری کێشەکانیش بۆ ساڵانێکی زۆر لەمەو پێش دەگەڕێتەوە، تا ئێستا چارەسەر نەکراون".
گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی، ئەوەشی خستەڕوو: "ھەموو حاڵەتەکان ھی ناوخۆی سلێمانی نییە، بەڵکو ھەندێکیان ھی دەرەوەن، ئێستا ئەو حاڵەتەی لە گەڕەکی بەختیاری ڕوویدا ژن و مێردەکە خەڵکی سنووری قەزای کۆیە بوون و پێنج ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە، بەڵام کێشەکەیان لە نێوان دوو بنەماڵەدا دروست بووە و چارەسەر نەکراوە، کەسوکارەکەیان دووە کەسەکەیان کوشتووە، ھەروەھا ئەو کوڕەی لە وڵوبە کوژرا، کێشەی لەگەڵ کەسێک ھەبووە و خۆی ویستوویەتی کێشەکە چارەسەر بکات، بەڵام دەمەقاڵە دروست بووە و بەرامبەر تەقەی لێکردووە، بەو ھۆیەوە گیانی لەدەست داوە، ھەموو ئەمانەش بەھۆی نەگەڕانەوە بۆ یاسا ڕوودەدەن".
ئاشکراشی کرد: "حاڵەتەکان و کێشەکان بە پۆلیسی سلێمانی چارەسەر ناکرێت، بەڵکو ھەموو وەزارەتەکان و تەنانەت مامۆستایانی ئایینیش لە حالەتەکان بەرپرسیارن، دەبێت خەڵک وشیار بکەنەوە، بۆ ئەوەی فێر ببن کە کێشەکانیان لە ڕێگای یاساوە چارەسەر بکەن و مافی خۆیان وەربگرن".
باسنیوز
