لە ئێران باسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دەكرێت

 لە ئێران باسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دەكرێت
لە نێو كۆنگرەیەك لە ئێران كوردێك لەسەر پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی وەڵامی عەرەب و شیعەكان دەداتەوە

هۆگر غەریب، ئەندامی دامەزراوەی میدیا و هونەری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایگەیاند: "لە كۆنگرەیەكی وڵاتانی ئیسلامی باس لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان كراوە".

هۆگر غەریب گوتی: "لەشاری مەشهەدی كۆماری ئیسلامی ئێران ماوەی دوو رۆژە نۆیەمین كۆنگرەی گشتی یەكێتی رادیۆ و تەلەفزیۆنە ئیسلامییەكان بە نوێنەرایەتی زیاتر لە 26 وڵاتی ئیسلامی دەستی بە كارەكانی كردووە، ئێمەش وەكو شاندێكی باڵای میدیایی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەشدارین".

ئەندامەکەی دامەزراوەی میدیا و هونەری یەكگرتووی ئیسلامی جەختی لەوەش کردەوە، لە دووەم رۆژی كۆنگرە گفتوگۆ لە سەر چەند تەوەرێكی سیاسی تایبەت بە رۆژهەڵاتی ناوەراست كرا كە یەكێكیان، دەستێوەردانی ئەمریكاو ئیسرائیل بوو لە جیهانی ئیسلامی، بەداخەوە بە مەبەستی دژایەتی پرسی ریفراندۆمی خەڵكی باشووری كوردستان هاتە نێو باسە ئەوەی چاوەڕێمان نەدەکرا لە برا عەرەبەكان ئەوە بوو كە بە شێوەیەكی زۆر خراپ دژی ریفراندۆم و سەربەخۆیی خەڵكی كوردستان وەستانەوە.

ئەو میدیاكارە ئاشكرای دەكات، كە وەڵامی ئەو كەسانەی داوەتەوە كە دژی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان قسەیان كردووە، گوتی: "بەداخەوە بەشێك لە بەرێوەبەری تەلەفزیۆن و نوێنەری میدیا عەرەبی و ئیسلامییەكان بە تایبەت شیعەكانی عێراق ریفراندۆمیان بە پیلانی ئەمریكاو ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی ناوەراست وەسفكرد".

جەختی لەوەش کردەوە، بۆیە ئێمەش بە تووندی رەتی ئەو قسە بێ‌ بنەمایانەماندایەوە و گوتم: "ڕیفراندۆم مافێكی شەرعی و یاسای گەلی ئێمەیە وەكو هەر نەتەوەیەكی دیكە مافی چارەنووسی خۆی دیاری بكات".

ئەوەشی گوت: "بۆیانم روونكردەوە كە ریفراندۆم دژایەتییەكی لەگەڵ بنەماكانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام تێدا نییە بە پێچەوانەوە ئەگەر بگەڕێنەوە سەر ئیسلام ئەو چەندین ساڵە ستەم لە گەلی كورد دەكرێ‌ كە بێبەش كراوە لە مافی رەوای خۆی كە كیانێكی سیاسی سەربەخۆی هەبێت لە كاتێك خزمەتی زۆری موسڵمانان كردووە".

نۆیەمین كۆنگرەی گشتی یەكێتی رادیۆو تەلەفزیۆنە ئیسلامییەكان بە نوێنەرایەتی زیاتر لە 26 وڵاتی ئیسلامی لەشاری مەشهەدی كۆماری ئیسلامی ئێران لە 2ی 7 دەستی پێكردووە و رۆژی 4ی 7 كۆتایی بە كارەكانی دێت.












باسنيوز
Top