زیاتر لە 80 ڕێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی پشتگیریی ڕیفراندۆم دەكەن

 زیاتر لە 80 ڕێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی پشتگیریی ڕیفراندۆم دەكەن
زیاتر لە 80 ڕێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی لە شاری هەولێر دەستیان بە چالاكییەكانی (بەڵێ) بۆ ڕیفراندۆم كردووە و ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە سنووری چالاكییەكەشیان هەموو كوردستان دەگرێتەوە.

لە بەیاننامەیەكدا 80 ڕێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی دەستپێكی هەڵمەتی (بەڵێ) بۆ ریفراندۆمیان ڕاگەیاندووە.

لە بەشێكی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە: "خەونی هەزاران ساڵەی نەتەوەیە كە هەرچی ناهەقی بەرامبەری كراوە ئێستا هاتووەتە بەر دەرگا و دەیەوێت ببێت بە ڕاستی، بۆیە تۆی هاووڵاتی تەنها ئەوەندەت لەسەرە بڵێ (بەڵێ) و بەو هۆیەشەوە دەگەین بەو ئاواتەی كە سەدان هەزارا شەهیدمان لەپێناویدا خوێنی ڕژاوە".

ئەو ڕێكخراوانەی كۆمەڵگەی مەدەنی ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە: "ئێمەی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بە ئەركی خۆمانی دەزانین بە ڕێگەی خۆمان كە ڕێگەی مەدەنی و نواندنی چالاكیی مەدەنیانەیە كار بۆ ئەو پرسە نەتەوەییە بكەین، هەر بۆیە دەست بە چالاكییەكانمان دەكەین تا دەگەینە ئەنجام، چالاكییەكانیشمان لە شاری هەولێر پایتەختی هەرێمی كوردستانەوە دەست پێ دەكات و دواتریش بازنەی چالاكییەكان بۆ تەواوی شار و شارۆچكە و دێهاتەكانی كوردستانیش فراوان دەكەین".

هاوکات دیار ئەحمەد سەرپەرشتیاری كاروبارەكانی ئەو دەستەیەی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی گوتی: "ئەو ڕێكخراوانەی كۆمەڵگەی مەدەنی لە دوای ڕاگەیاندنی وادەی ریفراندۆم لەلایەن لە کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کورردستان و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم، ئێمەی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بە ئەركی خۆمانی دەزانین كار بكەین بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگی (بەڵێ) كۆ بكەینەوە. ئەو ڕێكخراوانەش لەو پرۆسەیەدا كار دەكەن دەكرێ هەموو دەنگ و ڕەنگێك لەخۆی بگرێت و ئەوانە نەبێت كە دژایەتیی پرۆسەكە دەكەن".










باسنیوز
Top