چالاکوانانی هەڵەبجە پشتگیریی رێبوار تاڵەبانی دەکەن
رێکخراوی دەستەی چاودێری لە پارێزگای ھەڵەبجە لە راگەیەندراوێکدا، رایگەیاندووە، دەستەکە پشتگیریی تەواوی رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە وەکالەت دەکات.
دەستەکە لە راگەیەندراوەکەیدا هەروەها رایگەیاندووە، ئەو کەیسەی رێبوار تاڵەبانی لەسەر دادگایی دەکرێ ”کەیسی ھەموو کوردێکی بەشەرەف“ و داوا دەکات خەڵکی کوردستان ”بەھەموو ڕەنگەکانەوە“ پشتیوانیی تاڵەبانی بکەن.
هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەستەکە ”ئیدانەی بێهەڵویستیی و بێدەنگی“ی زۆربەی لایەنە سیاسییەکان و میدیا کوردییەکان دەکات و پێیوایە ئەو بێدەنگییە ”هاوئاوازی“یە لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا بەرامبەر ئاڵای کوردستان و هەرێمی کوردستان.
هەروەها ئەرسەلان عابد، ئەندامی دەستەکە رایگەیاند، رێبوار تاڵەبانی ”باجی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان دەدات، چونکە ئاڵا، ریفراندۆم و سەربەخۆیی خواستی خەڵکی کوردستانە“ و پاراستنیان بەرپرسیارێتیی هەموو تاکێکی کوردە.
بڕیاربوو رۆژی دووشەممە 3.7.2017، رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بەوەکالەت بەهۆی بڕیاری بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک، لە بەغدا دادگایی بکرێت، بەڵام پرۆسەکە دواخرا بۆ رۆژی 24.7.2017 .
دەستەی چاودێری لە هەڵەبجە لە ساڵی 2013 لە لایەن کۆمەڵێک چالاکوان و رۆشنبیری هەڵەبجە دامەزراوە.
باسنیوز
