سەرکردەیەکی باڵای ئۆپۆزیسیۆنی سووریا: ریفراندۆم کوردستان بەرەو سەربەخۆیی دەبات
ئەحمەد جەڕبا، سەرۆکی رەوتی ئەلغەدی ئۆپۆزیسیۆن و سەرۆکی پێشووی ئیئتیلافی نیشتمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)دا رایگەیاندووە، ئەوان ”پەیوەندییەکی ستراتیژی“یان لەگەڵ گەلی کوردستان و مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.
ئەحمەد جەڕبا هەروەها رایگەیاندووە، کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە کردنەوەی دەرگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕووی ئاوارە سوورییەکان و هاوکاریکردنیان چاکەی بەسەر سوورییەکانەوە هەیە و ئەم کارەش بە هەڵوێستێکی باش بەرامبەر سوورییەکان دادەنێت.
سەرۆکی پێشووی ئیئتیلافی نیشتمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا پێیوایە ریفراندۆم باشوور کوردستان بەرەو سەربەخۆیی دەبات و هیوا دەخوازێ هەولێر و بەغدا ”بگەنە رێککەوتن“.
جەڕبا ئاماژەی بە دابەشبوونی کوردستان لە ساڵی 1916 کردووە و رایگەیاندووە، کوردەکانی باشووری کوردستان لە ئەنجامی رێککەوتنی سایکس پیکۆ خرانە سەر عێراق، کە ”بەشێکی ئازیزە“ لەو وڵاتە.
باسنیوز
