لە شاری سۆران کچێک لە ماڵەکەی خۆیدا شەهیدكرا
ھاوار ئەرگوشی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران، ڕاگەیاند: شەوی ڕابردوو 2/7/2017، ئافرەتێک بەناوی ڕۆژین سەفەر، لە ماڵەکی خۆیدا لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە کوژراوە".
باسیشی لەوە کرد، بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە دژی ئافرەتان لە سۆران لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکەن، چونکە ئەو ڕووداوە پەیوەندی بە ئەوانەوە هەیە، بۆیە داوای کرد زانیاریی زیاتر لەو بەڕێوەبەرایەتییە وەربگیرێت.
بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر، پەیوەندی بە نەقیب زیبا لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە دژی ئافرەتان لە سۆران کرد، ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا لە شوێنی ڕووداوەکەیە و دواتر زانیاریی زیاتر دەخاتە ڕوو.
هەر لەمبارەیەوە مولازم شێروان خالید، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە دژی ئافرەتان لە سۆران، بۆ (باسنیوز)ی ئاشکرا کرد، ئەو ئافرەتەی کوژراوە، کچێکی تەمەن 17 ساڵان بووە و قوتابییە و شەوی ڕابردوو بە تەنیا لە ماڵەوە بووە، کاتێک دایک و باوکی گەڕاونەتەوە، بینیویانە کچەکەیان چوار چەقۆی لێ دراوە و مل و سینگی بەرکەوتووە، دواتریش لایەنە پەیوەندیدارەکانی پۆلیسیان لێ ئاگادار کردووەتەوە. گوتیشی: "دوای گەیشتنی تیمەکانمان، تەرمەکە ڕەوانەی پزیشکی دادوەریی هەولێر کراوە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە، بەڵام هیچ کەسێک بەو تۆمەتە دەستگیر نەکراوە".
