ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی: گۆڕینی سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لەم کاتەدا بۆ نزیکبوونەوەی زیاترە لە بەغدا
ئەکرەم ساڵح، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی، ڕاگەیاند: سەیرە لەم کاتەدا بزووتنەوەی گۆڕان کاوە محەمەد لە سەرۆکایەتیکردنی فراکسیۆنەکەی لە بەغدا لادەدات و سروە عەبدولواحید دادەنێت، گۆڕینەکەشی بە مەبەستە و بۆ ئەوەیە کە خۆیان لە دەسەڵاتی سیاسیی عێراق زیاتر نزیک بکەنەوە“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە سروە عەبدولواحید لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، ”کەسێکە وەک لایەنە عێراقییەکان بیر لەدژی ھەرێمی کوردستان دەکاتەوە، لەجیاتی قسەی لۆژیکی، پەرچەکرداری لە سیاسەتدا ھەیە و ھێشتا پێگەیشتوو نییە، هەقیش نییە بکرێت بە نوێنەری کوتلەیەکی کوردی لەبەغدا".
ئەوەشی خستە ڕوو: ”گۆڕانکاری لەسەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان بۆ زیاتر ناکۆکی خستنە ناو ڕیزەکان و ئاڵۆزترکردنی نێوماڵی کوردە و گەڕانەوەیە بۆ دەنگی مەرکەزیەتی عێراقی“.
سروە عەبدولواحید، لەلایەن کەسوکاری شەهیدان و پەرلەمانتاران و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە، سکاڵای یاسایی لە بەرامبەر تۆمار کراوە، بەهۆی ئەوەی لە میانەی گفتوگۆیەکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵێکی عەرەبیی عێراقی، کەسوکاری پێشمەرگەی بە ”خۆفرۆش“ تۆمار کردبوو، بەو هۆیەشەوە دەیان خۆپیشاندان لە هەرێمی کوردستان دژی تۆمەتەکانی سروە عەبدولواحید ئەنجام درا، بەڵام سەرەڕای ئەو سکاڵا و ناڕەزاییانەش، بزووتنەوەی گۆڕان سروە عەبدولواحیدی کرد بە سەرۆکی فراکسیۆنەکەی لە بەغدا، ئەمەش بە ڕای هەندێک لە چاودێران، ”گوێ نەدانە بە خواستی شەقام و ناڕەزاییەکانی گەل“.
باسنيوز,.
