وەزارەتی ئەوقاف پەیمانگەیەک بۆ پێگەیاندنی گوتاربێژان دەکاتەوە

وەزارەتی ئەوقاف پەیمانگەیەک بۆ پێگەیاندنی گوتاربێژان دەکاتەوە
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کردنەوەی پەیمانگەیەکی بۆ پێگەیاندنی گوتاربێژان لە شاری ھەولێر ڕاگەیاند.



نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند: "سەرجەم ڕێکارە ئیدارییەکان بۆ کردنەوەی پەیمانگەی کوردستان بۆ پەرەپێدانی گوتاربێژان تەواو بووە، لەئێستا سەرقاڵی ڕێکارە یاساییەکانین و لە ئایندەیەکی نزیکدا لە شاری ھەولێر دەکرێتەوە و لە داھاتووشدا لقی لە پارێزگاکانی تری کوردستان دەکرێتەوە".



گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف، ئەوەشی خستەڕوو: "کردنەوەی پەیمانگەکە بۆ ڕاھێنانی دەرچووانەی پەیمانگەی زانستە ئیسلامییەکان و کۆلێژی شەریعەیە کە خوازیارن ببنە گوتاربێژ و مامۆستای ئایینی، پاش بینینی خولێک لەم پەیمانگەیەدا مۆڵەتی مەلایەتی وەردەگرن".


ئاماژەی بەوەش دا: "کردنەوەی ئەم پەیمانگەیە یەکێکە لە ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسی زانستیی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا لە شاری ھەولێر بەسترا".
bas news-
Top