قائیمقامى سلێمانى: 590 شوێن بۆ دەستگێڕ و عارەبانەچیيەکان درووست کراوە
ئاوات محەمەد، قائیمقامى شارى سلێمانى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند :" لە چاڵەکەى مزگەووتى گەورەى شارى سلێمانی، ٥٩٠ شوێنى تایبەت بۆ دەستگێر و عارەبانەچییەکان درووستکراوە و لە ئێستا ئەو کاسبکارانە دەتوانن لەو شوێنانە ئیش و کارى خۆیان بکەن".
گوتیشى:" چیتر ڕێگە نادەین دەستگێڕ و عارەبانەچییەکان لەناوەندى بازاڕدا جەنجاڵى بۆ خهڵكى درووست بکەن، چونکە دەمانەوێ سیماى شارى سلێمانى جوان بکەین".
قائیمقامى سلێمانى، جهختیشی كردهوه، كه هیچ کەسێک ڕێگهپێدراو نییه مامەڵەى کڕین و فرۆشتن بەو شوێنانەوە بکات، گوتیشی :" ئهو شوێنانه موڵکى حکوومەتن و هەر دەستگێڕ و عارەبانەچییەک شوێنەکەى بفرۆشێت، یاخود بیدا بەکرێ، شوێنەکەى لێ وەردەگیرێتەوە و دواتر ڕووبەڕووى یاساش دەکریتەوە".
لە سەرەتایی مانگى ئادارى ئەمساڵدا قائیمقامى سلێمانى، بڕیارى دا چیتر دەستگێڕ و عارەبانەچییەکان لەنیو بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا نەوەستن، ئەمەش نیگەرانییەکى زۆرى ئەو كاسبكارانهى بەدواى خۆیدا هێناوە و لە ئێستاشدا ژمارەیەکى زۆر دەستگێڕ و عارەبانەچى بێ كارن.
bas news-
