"ئاوارە کریستیانەکان دەچنەوە ئەو شوێنانەی کە پێشمەرگە دەیانپارێزێت"

چالاکوانی کریستیانەکان، (لارا زارا) دەڵێت، خاپوورکردنی ناوچەکە و ڕەفتاری ھێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق ھۆکارن بۆ نەگەڕانەوەی ئاوارە کریستیانەکانی ڕۆژھەڵاتی مووسڵ و، دەشڵێت، کریستیانەکان زیاتر بۆ ئەو شوێنانە دەگەڕێنەوە، کە پێشمەرگە دەیانپارێزێت.

(لارا زارا)، چالاکوانی کریستیان لە دەشتی نەینەوا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوای کۆتاییھاتنی تاقیکردنەوەکانی قوتابخانە، ژمارەیەک خێزانی ئاوارەی کریستیان دەگەڕێنەوە سەر شوێنی خۆیان لە دەشتی نەینەوا و بڕیارە لە ناوچەکانی خۆیان درێژە بە ژیانیان بدەن، ھەموو ئامادەکارییەکیش کراوە کە بۆ ساڵی دابێ پڕۆسەی پەروەردە و خوێندن لە ناوچەی دەشتی نەینەوا دەست پێ بکاتەوە و لە ھەندێ شوێن دەست بە نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان کراوە، تا بۆ ساڵی خوێندن ئامادە بکرێن و پێشوازی لە قوتابییان بکەن.''

(لارا زارا) ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: زۆربەی ئەو خێزانە ئاوارە کریستیانانەی دەگەڕێنەوە، خەڵکی شارەدێی تلسقۆف و ناوچەکانی باکووری دەشتی نەینەوان، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ھێزەکانی پێشمەرگە ناوچەکە دەپارێزن و لە ڕووی ئەمنییەوە کێشەی نەماوە، بەڵام ئەو ناوچانەی دەکەونە ڕۆژھەڵاتی مووسڵ، وەک حەمدانیە و بەرتلە، ئاوارە کریستیانەکان ناگەڕێنەوە، تەنیا چەند خێزانێکی زۆر کەم گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، بۆ ئەمەش دوو ھۆکار ھەیە؛ یەکیان، خاپوورکردنی ناوچەکە و، دووەمیان، ھێزی عێراقی و حەشدی شەعبی کێشە بۆ خەڵک دروست دەکەن.''
kdp-
Top