نووسەرێکی فەیلی: ھەموو ھەوڵێک بۆ سەرخستنی ڕیفڕاندۆم دەدەین
(جەواد مەلەکشا)، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی کوردی فەیلی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ڕاستە ڕۆژانی ڕابردوو لە لایەن کوتلەی (نووری مالیکی)یەوە ھەڕەشەی دەرکردنی کوردانی شاری بەغدا کراوە و ئێمەش وەک کوردی فەیلی بەدەرنەبووینە لەو ھەڕەشانە، ئەوەش بە تۆمەتی ئەوەی ئامادەییی خۆمان پێشان داوە بەشداری لە پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستاندا بکەین. ئەمە جاری یەکەمیش نییە ھەڕەشەی دەرکردن لە کوردانی شاری بەغدا دەکرێت و، ئێمەش لای خۆمانەوە یادداشتێکمان داوەتە ڕای گشتی و حکوومەتی عێراق، بە ڕێپێوانێکیش وەڵامی ھەموو ھەڕەشەیەکمان داوەتەوە، چونکە ئێمە لە ھەڕەشەکردن نەترساوین و کۆڵ نادەین لە داواکردنی مافە نەتەوەییەکانمان.''
ئەو نووسەرە کوردەی فەیلی گوتی: ''لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا نیزیکەی ٦٠٠ ھەزار کوردی فەیلی ڕەگەزنامەی عێراقیان لێ وەرگیرایەوە و ڕەوانەی ئێران کران، دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق، ئێمە گەڕاوینەتەوە عێراق و بە دەستوور و یاسا بڕیار لەبارەی گەڕانەوەی ڕەگەزنامەی عێراقیمان دراوە، بەداخەوە دەستێک لەنێو حکوومەتی عێراقدا ھەیە و نایەوێ ڕەگەزنامەی عێراقی بۆ کوردانی فەیلی بگەڕێتەوە، تەنانەت ھاووڵاتیانی ئێمە لە ڕەگەزنامەی عێراق سەردانی بەشی ھاووڵاتیانی بیانی دەکەن، ئێمە چەندین جار حکوومەتی عێراقمان لە جێبەجێنەکردنی دەستوور و یاسا ئاگادار کردووەتەوە، کەچی وەڵامی وەزیری ناوخۆ بۆ کوردانی فەیلی ئەوە بووە، کە ژمارەیەک ئەفسەری سەردەمی بەعس لە نێو دەزگەی عێراقدا ماون و ڕێگرن لە جێبەجێکردنی ئەو یاسایە.''
(جەواد مەلەکشا) دەشڵێت: ''ھەرچەندە ھەڕەشەمان بێتە سەر، ئێمە ڕژدین لەسەر خەباتی خۆمان و کوردانی فەیلی لە عێراقدا ھەموو ھەوڵێک دەدەن بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستان، چونکە مافێکی یاسایی و ڕەوای میللەتی ئێمەیە و ئێمەش وەک بەشێکی ڕەسەن و دانەبڕاوی نەتەوەی کورد دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی میللەتەکەمان، تا پڕۆسەکە سەرکەوێت، ھەرچییەکیش بە ئێمە بکرێت، ئامادەین.''
kdp-
