عیرفان کەرکووکی: کە داعش هات سوپای عێراق ئێمەی بەجێ هێشت؛ ئێستایش ئێمە ریفراندۆمان دەوێ

 عیرفان کەرکووکی: کە داعش هات سوپای عێراق ئێمەی بەجێ هێشت؛ ئێستایش ئێمە ریفراندۆمان دەوێ
سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان پێی وایە، حکوومەتی عێراق ھیچ ھەنگاوێکی نەناوە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق و دەشڵێت، لە کاتی ھێرشەکەی داعشدا سوپای عێراق ئێمەی بەجێ ھێشت و ئامادە نەبوو بەرگری لە کەرکووک بکات.

(عیرفان کەرکووکی)، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوای پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی بەغدا ھیچ ھەنگاوێکیان بۆ چارەکردنی کێشەی ئەو ناوچانە نەناوە، کە پێشتر کێشەیان لەسەر بوو، بە ناوچەی ماددەی ٥٨ و دواتر بە ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ی دەستووری ھەمیشەییی عێراق ناسران و، عێراق ئامادە نەبوو ھیچ ھەنگاوێک بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو ناوچانە بنێت، تەنانەت لە کاتی ھێرشەکەی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر کەرکووکیش ئەو لیوا و فیرقەیەی سوپای عێراق ئامادە نەبوون بەرگری لە کەرکووک بکەن و بە دلداشەوە بەرەو بەغدا ڕایان کرد و ئێمەیان بەجێ ھێشت و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان توانی بگاتە ناوچەکە بۆ ئەوەی کەرکووک و خەڵکەکەی بپارێزێت و ئێستایش ئێمە ریفراندۆمان دەوێ.''

(عیرفان کەرکووکی) گۆتیشی: ''حکوومەتی عێراق لە ڕێی ھەندێ خەڵکەوە دەیەوێت ڕەوشی کەرکووک ئاڵۆز بکات و چەندین گرووپی دروست کردوون، لەوانە حەشدی تورکمانی، بۆ ئەوەی بەرەنگاری ئێمە و ئەو ھێزانەی پشتگیری لە ڕیفڕاندۆم دەکەن ببنەوە، هەرچەند بەشێک لەو خەڵکە تورکمانە ئینتیمایان بۆ حەشدی تورکمان و حەشدی شەعبی نییە، بەڵام بەداخەوە خراپیی ڕەوشی ئابووری وای کردووە چەک بۆ حەشد ھەڵبگرن.''
kdp-
Top