ئاگرین: نابێ دەرفەتی ڕیفراندۆم لەدەست بدەین؛ دۆخی ناوچەکەش لەبارە
(د. عەبدوڵڵا ئاگرین)، مامۆستای زانکۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ڕیفڕاندۆم تاکە ڕێی شارستانی و مۆدێرنە بۆ دیاریکردنی مافی خەڵکی کوردستان و بەدەستھێنانی شەرعییەتی میللەت بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی نەتەوە و نیشتیمانی کوردستان و، لە ھەموو ئاستەکانی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری و ڕۆشنبیری و ھەتا کۆتاییشدا، گەیشتووەتە ئاستێک، کە زەروورە لەم قۆناغەدا پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم بەڕێوە بەرین و بگەینە سەربەخۆییی خۆمان. دوای ھاتنی داعش سنوورەکان نەمان و ناوچەکە ئاڵۆزیی تێکەوت، ئەمەش بووە دەرفەتێک بۆ ھەرێمی کوردستان، کە دەرفەتەکە بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی بگاتە ئامانجی خۆی، لەبەر ئەوە من پێم وایە نابێ ئەمجارە دەرفەت لەکیس بدەین و وەک جارانی پێشوو دواتر بۆی پەشیمان بینەوە، من ناڵێم دەرفەتی وەک ئیستا بۆمان ھەڵناکەوێتەوە، بەڵام پێشم وایە ئەگەر ئەمجارە دەرفەت لەدەست بدەین، وەک ئەوە وایە تووشی نەکسە ببین.''
ئەو مامۆستایەی زانکۆ گۆتی: ''پێویستە ھەموو لایەنە کوردستانییەکان و کەسایەتییەکان ھەوڵ بدەن، دەرفەت لەکیس نەدەن و کار بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم بکەن، من پێش چەند ساڵێک گوتوومە، ئەگەر ئێمە لە ئێستاوە خۆمان بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئامادە نەکەین و ھەوڵی بۆ نەدەین، بەزۆر پێمانی دەکەن، چونکە گۆڕانکاری و ھەلومەرجی ناوچەکە و ڕەوشی میللەتەکەمان گەیشتووەتە ئەو ئاست و قۆناغە.''
(د. ئاگرین) ئاماژەیشی دا: ''ئەوانەیشی بیانوو بۆ ئەنجامنەدانی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم دێننەوە، ئەوە لە ڕەوشەکە تێنەگەیشتوون، یان خۆیان ئەجێندای دیکە جێبەجێ دەکەن، چونکە ھێنانەوەی بڕوبیانوو بۆ دواخستنی ڕیفڕاندۆم ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت و من دڵنیام، ئێمە زۆر بە سەرکەوتوانە لە پڕۆسەکە دەردەچین و دەگەین بە سەربەخۆیی، چونکە ئێستا ڕەوشی ناوچەکە وا دەخوازێت و (سەرۆک بارزانی) کاری بۆ کردووە، دوور لە ھەموو ئینتیمایەکی پارتیبوونم، باوەڕم وایە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەکەی، کە خۆی لە ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییدا دەبینێتەوە، بە ئەمانەتەوە دەگەیەنێتە دواقۆناغ.''
kdp-
