سنە.. کچە خوێندکارێکی کورد کوژرا

 سنە.. کچە خوێندکارێکی کورد کوژرا
کچە خوێندکارێکی کورد خەڵکی شاری ئیلام لە زانکۆی سنە بە شێوەیەکی گوماناوی کوژرا. لە ماوەی 5 ساڵی ڕابردوودا 5 کچی خوێندکاری کورد لە زانکۆکانی ئێران کوژراون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی (هەنگاو) کچێکی خوێندکاری خەڵکی ئیلام بە ناوی (زارا عەلیدووستی) لە بەشە ناوخۆیی زانکۆی کوردستان لە سنە کوژراوە.

زارا خوێندکاری بەشی فیزیای زانکۆی کوردستانی سنە لە ئاستی کارناسی باڵا بووە کە شەوی پێنجشەممەی پێشوو لەلایەن کەس یا کەسانێکی نەناسراوەوە کوژراوە.

دکتۆر فردین ئەخلاقیان، بەرپرسی زانکۆی کوردستان سەرەڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، ڕای گەیاندووە گومانی ئەوە هەیە کە ناوبرا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەست دابێت.

بەپێی گوتەی یەکێک لە خوێندکارانی زانکۆی کوردستان، گوتەکانی ئەخلاقیان تەنیا بۆ بە لاڕێدابردنی پرسی کوژرانی زارایە.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین کچە خوێندکاری کورد لە زانکۆکانی ئێران کوژراون کە بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانیشیان هیچ ئاکامێکی نەبووە و لە زۆرێک لەو حاڵەتاندا بە دەستێوەردانی هێزەکانی ئیتلاعات کوژرانی قوربانیان لەژێر ناوی خۆکوژی سەرپۆشیان لەسەر دانراوە.










باسنيوز
Top