بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر: کێشەی کەمبوونەوەی ئاو بەھۆی خراپیی کارەباوە دروست بووە
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر ڕایگەیاند: "ھەفتەی ڕابردوو بەھۆی خراپی و کەمی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەباوە، گرفتی کەمیی ئاو لە شاری ھەولێردا دروست بوو، چونکە کارەباکە بە شێوەی پچڕ پچڕ بوو".
دەشڵێت: "ئێمە ھیچ کێشەیەکی تەکنیکیمان نە لە پرۆژەکانی ئاو، نە لە بیرەکانماندا نییە، لە کۆی 700 بیری ئاو، ئەگەر کێشەیەکیش ھەبێت، لە یەکێک یان لە دوان ھەیە، نەک زیاتر".
بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر باسی لەوەش کرد: "بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتەش، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی کارەبا ھەماھەنگیمان ھەیە، پشکنینیان بۆ ھەندێک لە بیرەکان کردووە و پێیان ڕاگەیاندووین کە ھەندێک لە بیرەکان بخەینە سەر کارەبای بەردەوام، چونکە ئێستا لەکۆی 700 بیری ئاو، 100 مۆلیدەمان ھەیە، بەڵام ناتوانین کارەبای تەواو بۆ بیرەکان دابین بکەین".
بەپێی زانیارییەکان، چەند ڕۆژێکە لە چەند گەڕەکێکی شاری ھەولێر، ئاو کەم بووەتەوە و ھاووڵاتییان کێشەیان بۆ پەیدا بووە، بۆ چارەسەرکردنیشی بە تانکەر ئاو دەکڕن.
باسنيوز
