شوانێک لە حاجی ئۆمەران بەهۆی تەقینەوەی مینەوە گیانی لەدەست دا

شوانێک لە حاجی ئۆمەران بەهۆی تەقینەوەی مینەوە گیانی لەدەست دا
شوانێکی سنووری حاجی ئۆمەران بەهۆی تەقینەوەی مینەوە گیانی لەدەست دا و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینیش راگەیەندراوێک بڵاو دەکاتەوە.

رۆژی یەکشەممە 2.7.2017، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتووە، ئەو شوانکارەیە ناوی ئیسماعیل عوسمانە و تەمەنی 55 ساڵە.

ئیسماعیل عوسمان رۆژی شەممە 1.7.2017، لەکاتی لەوەڕاندنی مەڕومالات لە چیای کۆدۆ لە سنووری شارەدێی حاجی ئۆمەرانی سەر بە شارۆچکەی چۆمان لە پارێزگای هەولێر، مینێکی پێدا تەقیوەتەوە و گیانی لەدەست داوە.

هەروەک بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە هەولێر باسی کردووە، لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیش مینێک بە سێ منداڵدا تەقیوەتەوە و دوو منداڵ گیانیان لەدەست داوە و یەکێکیشیان بریندرا بووە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، لە سەرەتای ساڵی 2017ـەوە لە زنووری پارێزگای هەولێر، چوار کەس بەهۆی تەقینەوەی مینەوە گیانیان لەدەست داوە و دووی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی زانیارییەکان، ئەو مین و تەقەمەنییە نەتەقیوانە لەلایەن سوپای رژێمی بەعسی عێراقی لە سەردەمی شەڕی هەشت ساڵە (1980-1988)ی نێوان عێراق و ئێران، دانراونەتەوە.











باسنيوز
Top