وەزیری کشتوکاڵ: ناچارین ئاو گلبدەینەوە و ئاوی کەمتر بۆ عێراق دەنێرین

 وەزیری کشتوکاڵ: ناچارین ئاو گلبدەینەوە و ئاوی کەمتر بۆ عێراق دەنێرین
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە بەهۆی گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک لەسەر هەرێمی کوردستان، ناچارن ئاوی کەمتر بۆ عێراق بنێرن.



عەبدولستار مەجید، وەزیری کشتوکاڵ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە 2/7/2017 ئەنجامی دا، ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران و وڵاتان دەتوانن ئەو ئاوانەی کە هەیانە و بەلایاندا تێدەپەڕن، سوودی لێ وەربگرن بۆ هەر مەبەستێک، بەڵام لەمبارەیەوە ڕێککەوتننامە و عورف و یاسای نێودەوڵەتیی تایبەت بە بەڕێوەبردنی ئاو هەیە و نابێت هەرێمی کوردستان بەو هۆیەوە زەرەرمەند ببێت.



ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”بەنداوی کەڵوەسە کە لە نزیک سەردەشت لێدراوە، بەهۆیەوە سەرچاوەی ئاوی زێی بچووک گیراوەتەوە، ئەمەش کاریگەریی زۆری بۆ سەر قەڵادزێ و پڕۆژە گەشتیاری و کشتوکاڵییەکانی ئەو ناوچەیە هەیە، هەروەها زیانی بۆ بەنداوی دووکان هەیە کە 60٪ی ئاوەکەی لە سەرچاوەکەی ئێران وەردەگرێت، جگە لەوەی بۆ ئاوی خواردنەوەی سلێمانی و دواتریش بۆ کەرکووک و ناوچەی دووز و ناوچەکانی دیکە پێویستیمان پێیەتی“.



باسیشی لەوە کرد کە هەر لە سەرەتاوە سەرۆکی حکوومەت و جێگری سەرۆکی حکوومەتی لەم بابەتە ئاگادار کردووەتەوە و ئەوانیش لەگەڵ بەرپرسانی ئێران گفتوگۆیان کردووە. هەروەها لایەنی عێراقیشیان لێی ئاگادار کردووەتەوە و خۆشی لەگەڵ کونسوڵی ئێران لە هەولێر گفتوگۆی کردووە. دووپاتیشی کردەوە: ”ئێران لە جەژندا ئاویان گرتەوە و بۆ ماوەی 48 کاتژمێر خەڵکی قەڵادزێ بێ ئاو بوون“. بۆیە داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد، ئاوەکە بە بڕی پێویست بەر بدەنەوە.



وەزیری کشتوکاڵ ئەوەی نەشاردەوە کە بۆ ئەوەی خەڵکی هەرێمی کوردستان پێویستییەکانی ئاویان بۆ دابین بکرێت، ناچارن ئاوی کەمتر لە ڕێگەی هەردوو دەریاچەی (دووکان و دەربەندیخان) بۆ عێراق بەربدەنەوە و گوتی: ”بەهۆی ئەوەی ئێران بەنداو دروست دەکات، نامانەوێت ئاو لەسەر عێراق بگرینەوە، بەڵام تاوەکوو هاووڵاتییانی ئێمە پێویستییان پێبێت، ئێمە ئاو بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق ناکەینەوە. پێشتر 180 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا ئاو بەردەدرایەوە، بەڵام ئێستا دەوروبەری 50 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا بەر دەدەینەوە“.








باسنيوز
Top