فازڵ بەشارەتی: خەتاباركردنی پارتی لەسەر ڕێكنەكەوتنی لایەنەكانی هەڵەبجە هیچ بەهایەكی نییە
فازڵ بەشارەتی بەرپرسی لقی ١٢ ی پارتی لە هەڵەبجە بە ماڵپەری فەرمی پارتی وتووە ''ئەگەر كێشەی ڕێكنەكەوتنی لایەنەكان لەسەر پۆستە ئیدارییەكان تەنیا لە سنووری هەڵەبجە بوایە، ئەوە خەتاكەی پارتی بوو. بەڵام خۆ یەكێتی و گۆڕان لە سلێمانی و ڕانیە و قەڵادزێ و گەرمیان ڕێك ناكەون و زۆربەی پۆستەكان بە وەكالەتە، ئەی لەوێ خەتای كێیە؟ خەتاباركردنی پارتی لەسەر ڕێكنەكەوتنی لایەنەكانی هەڵەبجە هیچ بەهایەكی نییە و لە لای خەڵكیش هیچ بایەخێكیان نەماوە".
تووشیەتی، دەبێت هەموو لایەنەكان بە شێوەیەكی واقیعانە یەكتر بخوێننەوە و هیچ لایەنێك هەوڵی قۆرخكردنی پۆستەكان نەدات بۆخۆی و پۆستیش بە حزبی تر ڕەوا نەبینیت. چونكە بەم حاڵەوە هەرگیز ناگەنە ڕێکكەوتن و لەگەڵ ئەسڵی كارەكەش ڕێكناكەون.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە تا ئێستا بچووكترین خزمەتگوزاری بۆ خزمەتی هاووڵاتییانی هەڵەبجە نەكراوە و گەورەترین ناڕەزایی لەو پۆستانەوەیە، كە بە دەستی ئەوانەوەیە.
فازڵ بەشارەتی جەختی لەسەر ئەوەشکردووەتەوە کە ''ئێمە لە ڕابردوودا بۆ بەرژەوەندیی خەڵك دەستمان لە زۆر مافی خۆمان هەڵگرتووە، بەڵام ئێستاش ئەگەر پۆست و جێگەیەك بۆ ئێمە نەبێت، كە بتوانین خزمەتی خەڵكی تێدا بكەین، نە پۆستمان دەوێت و نە بەشداری دەكەین".
لە ڕۆژی ٢٥ی شوباتی ساڵی ٢٠١٥وە یاسای دامەزراندنی پارێزگای هەڵەبجە و ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەرچووە، بەڵام دوای دەیان کۆبوونەوەی نێوان لایەنەکان تا ئێستا نەتوانراوە ئەنجومەنەکە پێکبهێنرێت.
لە ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجەدا یەکێتی ٦ کورسی، گۆڕان ٥ کورسی، یەکگرتوو ٤ کورسی، کۆمەڵ و پارتی هەریەکەیان ٣ کورسی، بزووتنەوە ٢ کورسی، شیوعی ١ کورسی و کاکەییەکانیش کورسی کۆتایان بەردەکەوێت.
N r T
