سەرحەد قادر: ١٧ جاری دیکەیش داعش هێرش بێنێ کەرکووکی بۆناگیرێ
بەڕێوبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکووک عەمید (سەرحەد قادر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەو نوسراوانەی دەربارەی ھێرشی داعش بۆ سەر کەرکووک بڵاو کراونەتەوە، بە بەردەوامی زانیاریی وا لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بڵاو دەکرێتەوە، ئەمانە بۆ بەرچاوروونیی ھەموو لایەکە، کە ڕۆژانە دوو سێ زانیاریی وا دێت، ئێمەش بەدواداچوون بۆ ھەموو زانیارییەکی وا دەکەین، بەڵام مەرج نییە ئەمانە ھەمووی وا بێت.''
عەمید (سەرحەد قادر) گوتی: ''لە ماوەی ڕابردوودا داعش ١٧ جار ھێرشی گەورەی کردووەتە سەر کەرکووک، کە ئەوکات پۆلیس مەشق و ڕاھێنانی پێویستیشی پێ نەکرابوو و چەک و تەقەمەنیشی نەبوو و ھاوپەیمانانیش ھاوکار نەبوون و ئەوانیش زۆر بەھێز بوون نەیانتوانی کەرکووک بگرن، بۆیە ئێستاکە بێھێز بوون، ناتوانن پەلاماری کەرکووک بدەن.''
(قادر) ڕوونی کردەوە: ''بەداخەوە ھەندێک میدیا ھەندێک زانیاریی بڵاو دەکەنەوە، کە لە بەرژوەندیی گشتیدا نییە و پڕوپاگندە بۆ داعش دەکەن و بیر لەوە ناکەنەوە ئەمە زیانی ھەیە و ھەندێک جار شتی بچووک دەکەوێتە دەست میدیا بڵاوی دەکەنەوە و گەورەی دەکەنەوە، بۆیە ئەمە کارێکی باش نییە.''
عەمید (سەرحەد قادر) دەشڵێت: ''داعش ھەرشتێک بتوانێ بیکات دەیکات و دوژمنێکە بەرامبەر ئێمە وەستاوە و تاوەکو ئێستاش ٣٠%ی خاکی کەرکووکی لەدەستدایە، بەڵام ھێزی پێشمەرگە لە سەنگەرەکاندان و ھێزە ئەمنییەکان ناو کەرکووک دەپارێزن و خەڵکی کەرکووکیش ھەر یەکە بۆخۆی پێشمەرگەیەکە، بۆیە ھەموو ھەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی کردەوە ئەنجام بدەن.''
kdp-
