هاووڵاتیانی خورماتوو: سەربەخۆیی تاكە ڕێی گەلی كوردە.. ڕیفراندۆم سەردەخەین

 	 هاووڵاتیانی خورماتوو: سەربەخۆیی تاكە ڕێی گەلی كوردە.. ڕیفراندۆم سەردەخەین
هاووڵاتیانی شاری خورماتوو دەڵێن، زۆر دڵخۆشن لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمیش ڕیفراندۆم ئەنجام دەدرێت و سەربەخۆیی تاكە ڕێی نەجاتبوونی گەلی كوردە لە سەرجەم كێشە و نەهامەتییەكان. باشترین ڕێگاش بۆ سەركەوتنی ڕێفراندۆم و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، یەكگرتنی لایەنە كوردییەكانە.

لە ڕێكەوتی 7ی حوزەیرانی 2017دا نوێنەرە باڵاكانی پارتە سیاسییەكانی ناو پارلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەت و سەرۆك و جێگری كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی كوردستان لەگەڵ (مەسعوود بارزانی)، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆ بوونەوە و بڕیار درا لە 25ی ئەیلوولی ئەمساڵدا ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت.

(محەمەد كەریم)، چالاكە مەدەنیی شاری خورماتوو بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی، یەكێكە لە خەونە لەمێژینەكانی نەتەوەی كورد، لەكاتێكدا بڕیاری ڕیفراندۆم لە 25ی ئەیلوولدا دراوە، زۆر پێی دڵخۆشین، زۆر لەوەش زیاتر بەوە دڵخۆشین كە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش ئەو ڕیفراندۆمە ئەنجام دەدرێت.''

ئەو چالاكە مەدەنییەی شاری خورماتوو ڕوونی كردەوە: ''نەتەوەی كورد زۆری بندەستی و بێگاری و كوشتوبڕ بینی، بە درێژایی میژووش خەونمان بووە سەربەخۆ بین. ئەوەتا ئێستا ئەو هەلەمان بۆ ڕەوخساوە و نابێ لەكیسی بدەین. لەو پێناوەشدا دەبێ یەكگرتوو و یەكهەڵویست بین و سەرجەم حزبە كوردستانییەكان دەستبەرداری بەرژەوەندییە حزببیەكانیان بن. چونكە بە یەكگرتنی ئێمە هیچ دوژمنێك ناتوانێ زەفەر لەو هەنگاوەی كورد بێنێت.''

جەختیشی كردەوە: ''ئێمەی كوردانی ناوچە كیشەلەسەرەكان زۆر بەپەرۆشەوەین بۆ ڕۆژی ڕیفراندۆم، تا بە ''بەڵێ'' دەنگی بۆ بدەین، چونكە زۆرمان نەهامەتی بینیوە و ئیدی كاتی ئەوە هاتووە ئێمەش خاوەنی كیانێكی سەربەخۆ بین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.''

(مستەفا عەدنان) مامۆستای شاری خورماتوو بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''دەبێ هەموومان خەباتی لەمێژینەی كورد لەبەرچاو بگرین و وا خەریكە دەگەین بە دەوڵەتی كوردستان، ئەوەتا جاڕی ڕیفراندۆممان داوە لە 25ی ئەیلولدا، سەربەخۆیی، تاكە ڕێی نەجاتبوونی گەلی كوردە لە سەرجەم كیشە و نەهامەتییەكان.''

ئەو مامۆستایەی شاری خورماتوو ئاماژەیشی دا: "لەوەتەی ئەو حەشدی شەعبی و گرووپە شیعانە هاتوونەتە ناچەكە بە تەواوی شیرازەی پێكەوەژیان شێواوە. ئەمنییەت و ئاسایشی شاریش كەلێنی تێ بووە و خەڵك دەڕفێندرێ و تیرۆر دەكرێ و چەندین كێشەی تریش هەیە. خۆ ئەگەر ببین بە دەوڵەت ئەم ناوچانە گشتی لەو گرووپ و تاقمە شیعانە دادەماڵدرێت و لەو ناچانە نامێنن و شارەكە دەگەڕێتەوە دۆخی جارانی. ئەم هۆكارانە و دەیان هۆكاری دی وا لە خەڵکی خورماتوو دەكات بە ''بەڵێ'' دەنگ بە ڕیفراندۆم بدەن.''

(شاباز ڕەفیق)، چالاكی سیاسیی شاری خورماتوو بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''كورد شەڕی بەرانبەر بە دەسەڵاتە چەوسێنەر و داگیركەرەكانی مێژوو كرد، كورد شەڕی دژ بە ڕژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق كرد، كورد شەڕی بەرانبەر بە داعش كرد، ئەمانە هەمووی بۆ سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوونی كوردستان بوو. بە دەیان هەزار شەهیدیشمان لەو پێناوە داوە. ئێستا باشترین و گونجاوترین دۆخە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان. چونكە شیرازەی ناوچەكە شێواوە و لە ڕووی سیاسییەوە، دەبێ دووبارە دابرێژرێتەوە. ئەمەش هەلێكی زێڕینە بۆ ئێمەی كورد.''

(شاباز ڕەفیق) ڕوونیشی كردەوە: ''كوردانی خورماتوو زۆریان دەردیسەری بەدەست دەسەڵاتەكانی ترەوە دیوە، زۆر بەپەرۆشەوە چاوەڕێی 25ی ئەیلوولن و مەبەستیانە بە ''بەڵێ''كانیان سنووری ڕاستەقینەی كوردستان دیاری بكەن و هێڵێكی ئارامی بۆ شارەكە دروست بكەن.''

(شاباز ڕەفیق) ڕایشیگەیاند: ''داعش لە عێراق بەرەو كۆتایی دەچێت و دەبێ ئەو هەلە بقۆزینەوە. باشترین ڕیش بۆ سەركەوتنی كورد لە ڕێفراندۆم و ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی كوردستاندا یەكگرتنی لایەنە كوردییەكانە، جا بەهەر شێوەیەك بێت.''
kdp-
Top