بەشارەتی: ئەگەر ئەو پۆستەی پێمان دەدرێت بۆ خزمەتی خەڵكی نەبێت نامانەوێت
(نزار مەحموود)، بەرپرسی مەكۆی گۆڕان لە هەڵەبجە بە میدیاكانی ڕاگەیاندووە، كە گوایە پارتی دوای پەشیمانبوونەوەی لەو ڕێككەوتنەی لە نێوان لایەنەكانی هەڵەبجەدا كرا، بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگا، بیانوو دەهێنێتەوە. داوای خۆپێشاندانی خەڵكی كردووە بۆ بەردەم لقی 12ی پارتی.
سەبارەت بەم بابەتە (فازڵ بەشارەتی)، بەرپرسی لقی 12ی هەڵەبجە و ئەندامی سەركردایەتیی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەگەر كێشەی ڕێكنەكەوتنی لایەنەكان لەسەر پۆستە ئیدارییەكان تەنیا لە سنووری هەڵەبجە بوایە، ئەوە خەتاكەی پارتی بوو. بەڵام خۆ یەكێتی و گۆڕان لە سلێمانی و ڕانیە و قەڵادزێ و گەرمیان ڕێك ناكەون و زۆربەی پۆستەكان بە وەكالەتە، ئەی لەوێ خەتای كێیە؟ خەتاباركردنی پارتی لەسەر ڕێكنەكەوتنی لایەنەكانی هەڵەبجە هیچ بەهایەكی نییە و لە لای خەڵكیش هیچ بایەخێكیان نەماوە.''
سەبارەت بە چارەیەکی گشتگیری بابەتەكە ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی پارتی ڕایگەیاند: ''دەبێ هەموو لایەنەكان بە شێوەیەكی واقیعانە یەكتر بخوێننەوە و هیچ لایەنێك هەوڵی قۆرخكردنی پۆستەكان نەدات بۆخۆی و پۆستیش بە حزبی تر ڕەوا نەبینیت. چونكە بەم حاڵەوە هەرگیز ناگەنە ڕێکكەوتن و لەگەڵ ئەسڵی كارەكەش ڕێك ناكەون. تا ئێستا بچووكترین خزمەتگوزاریش بۆ خزمەتی هاووڵاتییانی هەڵەبجە نەكراوە و گەورەترین ناڕەزایی لەو پۆستانەوەیە، كە بە دەستی ئەوانەوەیە.''
(بەشارەتی) جەختیشی كردەوە: ''ئێمە لە ڕابردوودا بۆ بەرژەوەندیی خەڵك دەستمان لە زۆر مافی خۆمان هەڵگرتووە، بەڵام ئێستاش ئەگەر پۆست و جێگەیەك بۆ ئێمە نەبێت، كە بتوانین خزمەتی خەڵكی تێدا بكەین، نە پۆستمان دەوێت و نە بەشداری دەكەین.''
لەبارەی هاندانی خەڵك و خۆپێشاندان دژی پارتی (فازڵ بەشارەتی) ئاماژەی دا: ''ئەو قەوانە زۆر لێدرا كە خەڵك هان بدرێ و هەڵبكوتنە سەر بارەگاكانی پارتی، ئەمە وەكو دەهۆڵێكی دڕاوی لێهاتووە و دەیكوتن، ئێستا كەس گوێیشیان لێ ناگرێ. زەرەرمەندی یەكەمیش ئەو خەڵكە بوو، كە هان دران و هێرشیان پێ كردنە سەر بارەگاكانی پارتی و خەڵكیان بەكوشت دا و زیانی ماڵییان بە خەڵكی گەیاند. زۆر جێگای شەرمەزارییە كە هەر بەرپرسێكی هەر لایەنێك لەو قسانە بكات و هەوڵی بەلاڕێدابردنی خەڵكی بدات و هانیان بدات بۆ توندوتیژی، خۆ ئەوە ڕاگەیاندنێكی تەواوی ئیفلاسی سیاسییە بۆ حزبەكەی، چونكە ئەمڕۆ ڕۆژی یەكخستنی ناوماڵی كوردە. لەرابردوودا زیانیان لە خۆیان دا بە هاندانی خەڵك، ئەگەر دووبارەی بكەنەوە دووبارە زیانی زۆر گەورەتریش بە خۆیان و گەلی كورد دەگەیەنن.''
kdp-
