کۆیە.. ھاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر بە ڕێگەی ھەیبەت سوڵتاندا قەدەغە دەکرێت
زاھیر محەمەد، بەڕێوبەری پۆلیسی ھاتوچۆی کۆیە، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "بەھۆی ئەوەی ڕێگەی ھەیبەت سوڵتان – کۆیە نۆژەن کراوەتەوە و ڕێگەیەکی تا ڕادەیەکیش تەسک و قەرەباڵغە، بۆیە بڕیارمان دا ھاتوچۆی ئۆتۆمبیلی بارھەڵگر و ھەر ئۆتۆمبێلێکی دیکە کە کێشەکەی لە دوو تۆن زیاتر بێت بەو ڕێگەیە قەدەغە بکەین".
بەڕێوبەری پۆلیسی ھاتوچۆی کۆیە، ئەوەشی خستەڕوو: "لەئێستا ئەو بڕیارە چووەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە و ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر دەتوانێت لە ڕێگەی کلکەسماقەوە بچێتە سنووری ڕاپەڕین، دوکان و سلێمانی و ھاوکات دەشوانێت لەوێوە بێتەوە ناو سنووری کۆیە".
ھێمای بۆ ئەوەشکرد: "ئاگاداری و ھێمامان لەسەر ڕێگەی ھەیبەت سوڵتان داناوە کە نابێت ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر ھاتوچۆی پێدا بکات، بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی سزادان و غەرامەکردن دەبێتەوە کە بۆ ھەر سەرپێچییەک بڕی 40 ھەزار دینار لە شوفێرەکە وەردەگیردرێت".
باسنیوز
