وەزیری کشتوکاڵ: لێپرسراوانی ئێران بەڵێنی بەردانەوەی بەشێکی ئاوی زێی بچووکیان داوە
عەبدولستار مەجید، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "ئەگەر ئێران کێشەی بەردانەوەی ئاوی زێی بچووک چارەسەر نەکات، ئەوا سەردانی ئەو وڵاتە دەکەین بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو گرفتە، ھەرچەندە بەرپرسانی ئێران بەڵنیان داوە بەشێکی ئاوەکە بەربدەنەوە".
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئەوەشی خستەڕوو: "سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و جێگرەکەی لە گرفتەکە ئاگادار کراونەتەوە، ئەوان لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا قسەیان لەسەر ئەو بابەتە کردووە، بەڵام بەرپرسانی ئێران بەڵێنیان داوە بەشێک لە ئاوەکە بەربدەنەوە و ھەوڵی چارەسەری کێشەکە بدەن".
پێشتر لەلایەن وڵاتی ئێرانەوە ئاوی زێی بچووک گیرایەوە، بە پێی زانیارییەکانیش ئێران بەنیازە لەسەر زێی بچووک 10 بەنداو بۆ گڵدانەوەی ئاوەکە دروست بکات.
باسنیوز
