مامۆستایەکی زانکۆ: ئەو دژایەتییەی لە سلێمانی بۆ ڕیفراندۆم هەیە بێ بەرنامە نییە

 مامۆستایەکی زانکۆ: ئەو دژایەتییەی لە سلێمانی بۆ ڕیفراندۆم هەیە بێ بەرنامە نییە
مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی، ئاماژە بەوە دەکات ئەو دژایەتییە لە سلێمانی بۆ پرسی ریفراندۆم دەکرێت جۆرێک لە هاندان و دەست لە پشتدانی سیاسیی هەیە و دەڵێت: "لە سلێمانی لەبەردەم چەند دەنگێکی نەخێر داین".

ئالان حەمەسەعید، مامۆستای زانکۆی سلێمانی لەمبارەوە گوتی: "مافی چارەی خۆنووسین لای بارزانی دەربڕی دەوڵەتی کوردستانە، پرسێکە تایبەتە بە هەموو تاکێکی کوردەوە، بە پارت و لایەنە سیاسییەکانیشەوە، پرسێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە، بۆ رێزگرتنە لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان، بە هەموو پێکهاتە ئایینی، نەتەوەییەکانەوە، واتە هەموو فرە ڕەنگییەکان".

ئەو مامۆستایەی زانکۆ لە درێژەدا گوتیشی "ئەوەی لەم ماوەیەدا هەستی پێ دەکرێت، پۆلێک لە ناڕازی لەسەر پرسی ریفراندۆم و جۆرێک لە هاندان هەیە کە بە نەخێر دەنگ بدرێت، ئەوەش خۆی لەخۆیدا بەبێ بەرنامە نییە و گۆترە نییە، لە بنەڕەتدا بەستنەوەی ئەم پرسە بە کۆمەڵێک پرسی دیکەوە کە لە ناوەرۆکدا لە پرسی ڕیفراندۆم گەورەتر نین بابەتێکی بەرنامە بۆ دارێژراوە، واتە دەست لەپشتدانی سیاسیی تێدایە کە لەلایەن هەندێک لە لایەنە سیاسییەکانەوە هەریەکە و بە ئاوازی دیاریکراوی خۆی ئەو پرسە دەوورژێنێت".

ئاماژەی بەوەش کرد: "ڕاستە جۆرێک لە ناتەبایی لەناو ماڵی سیاسیی کورد هەیە، بەڵام سەربەخۆیی گەورەترە لە گشت دامەزراوەکانی کوردستان، چونکە یەکێکە لە ئامانجەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و خەباتی گەلی کوردستان لە رابردوودا بۆ دروستکردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی هەرێم و حکوومەت بووە، بەشێک بووە لە ئەجێندای بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان، بەڵا ئەجێندا گەورەکە سەربەخۆیی بووە، بۆیە سەربەخۆیی لەم دامەزراوانە گەورەترە و ئێستاش کاری لەسەر دەکرێت و نابێ ببەسترێتەوە بە تەنگژەی ئابووریی کوردستانە کە لە خۆشگوزەرانی بژیت، بەڵام دۆخی کوردستان بە ئاراستەی دەوڵەت و سەربەخۆیی دەبێت گەورەتر بێت لە خواستی هەموو لایەک، بەڵام بەرەیەک دەیەوێت دژی ریفراندۆم بێت".

ئەو مامۆستایەی زانکۆ پێی وایە "کاتێک قسە لەسەر ئەوە دەکەین کە دۆخی ئابووریی کوردستان لاوازە، کەچی دۆخی ئابووریی عێراقیش لاوازە، ئەگەر قسە لەسەر ئەوە دەکەین کە ناتەوێت دەوڵەتێکی گەندەڵت هەبێت، بەڵام ئێستا لەناو دەوڵەتێکدا دەژین لەناو زنجیرەی دەوڵەتە گەندەڵەکانی جیهاندا لە پلەی چوارەم دایە، کاتێک قسە لەسەر مافی مرۆڤ دەکەین، عێراق مافی مرۆڤی تێدا پیشێل کراوە، دەنگدان بە نەخێر واتە مانەوە لە عێراق و مانەوە لە عێراقیش واتە مانەوە لە ئابوورییەکی نادیاردا".

لە کۆتاییدا ئەوەشی خستەڕوو "لە سلێمانی چەند دەنگێکی نەخێر هەیە، دەنگێک هەیە دەبێت دایەلۆگی لەگەڵ بکرێت، دەنگێک هەیە نەخێرە بە ئاراستەی لادان لە دڵەڕاوکێ، نەخێرێک هەیە لەژێر ترسدا، بۆیە لەبەردەم چەند نەخێرێک داین، بەڵام ئەوەی زاڵە کە پاڵی پێوە دەنرێت، ئەوەیە دەیانەوێت پرسەکە بشێوێندرێت".












باسنیوز
Top