کۆمەڵی ئیسلامی پڕۆژەی یەک لیستیی لایەنە ئیسلامییەکان پەک دەخات

 کۆمەڵی ئیسلامی پڕۆژەی یەک لیستیی لایەنە ئیسلامییەکان پەک دەخات
کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان بایکۆتی لیستێکی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەکات و ئەمڕۆش بڕیارە یەکگرتوو لەسەر ئەو پرسە ھەڵوێستی خۆی ڕابگەیەنێت.

بەپێی زانیارییەکان، کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، بایکۆتی لیستی (چاکسازیی نیشتمانی) کردووە کە سەلاحەدین محەمەد بەھادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا ڕای گەیاند و دەرگای بۆ حزبە ئیسلامییەکان کردەوە بۆ ئەوەی بچنە ناو لیستەکەوە.

بەپێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ دەزگای ھەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامی کۆبووەتەوە، بڕیارە ھەڵوێستی خۆیان لەو بارەوە بدەن، لەمبارەوە حاجی کاروان، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە لیستی یەکگرتوو، رایگەیاند: "ئەو لیستە لەلایەن یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان راگەیەنراوە، بەس ئەوەی ئامادەیی دەربڕیبێت بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستانە، لەگەڵ ھەندێک کەسایەتیی سیاسیی ئیسلامی، کۆمەڵ تائێستا خۆی یەکلا نەکردوەتەوە، بەڵام ئەگەر کۆمەڵی ئیسلامیش نەیەتە ئەو لیستەوە، ئەوە ھەربەردەوام دەبین و چاوەڕوانی کۆمەڵ ناکەین، ھەرچەندە پێیمان خۆشە بەیەکەوە بین".

ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەشی روون کردەوە: "بەگوێرەی ئەوەی کە تائێستا راگەیەنراوە و قسەی لەبارەوە کراوە، کۆمەڵ ئامادەیی بۆ ئەو لیستە نییە، نەھاتنیان کاریگەری لەسەر ئەو یەک لیستییەی ئیسلامییەکان دەبێت، چونکە تائێستا بەجددی باسمان نەکردووە، ئەوانیش ھەردەیان گوت باچاڕوێ بکەین و بزانین دۆخەکە چی لێدێت بەڵام دەرکەوت دۆخەکە ھەروا دەبێت".












باسنیوز
Top