ئەو پیاوە دەستگیر کرا کە لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا توندوتیژی بەرامبەر بە ھاوسەری دەکات

 ئەو پیاوە دەستگیر کرا کە لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا توندوتیژی بەرامبەر بە ھاوسەری دەکات
دادگاکانی تورکیا ئەو پیاوەیان دەستگیر کرد کە لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا توندوتیژییەکی زۆری بەرامبەر بە ھاوسەرەکەی ئەنجام دابوو.

دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارێکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تێیدا پیاوێکی کورد دەردەکەوت، بە زۆر پیسی دەرخواردی ھاوسەرەکەی دەدات و سەرەتا نەدەزاندرا ئاخۆ دانیشتووی کام ناوچەی کوردستانە.

ئەمڕۆ شەممە 1/7/2017، میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە کە لەو تۆمارە ڤیدیۆییەدا، ژن و پیاوێکی کوردی خەڵکی ناوچەی (پانۆس)ی سەر بە پارێزگای ئاگری لە باکووری کوردستان دەردەکەون.

ئەوەشیان ئاشکرا کرد کە ئەو پیاوە وەک شانازییەک، لە پێگەی تایبەت بە خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تۆمارە ڤیدیۆییەکەی بڵاو کردووەتەوە، بۆیە ناسراوەتەوە و لەلایەن داواکاری گشتییەوە سکاڵای لە دژ تۆمار کراوە و ھەر ئەمڕۆ دەستگیر کراوە.

پێشتر پەخشان زەنگەنە، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لە ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەدواداچوون بۆ ئەو کەیسە دەکەن و ئەگەر ئەو پیاوە لە ھەرێمی کوردستان بێت، ئەوا ڕێوشوێنی یاسایی لە بەرامبەر دەگرنە بەر.
















باسنیوز
Top