پەرلەمانتارێکی پێشووی یەکێتی: مالیکی چەند کەناڵێکی ڕاگەیاندنی کوردستان دژی ڕیفراندۆم بەکار دەهێنێت
د. سیروان ئەحمەد، پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند، خۆی گوێی لێ بووە کە مالیکی بە بەکارهێنانی هێز هەڕەشەی لە هەرێمی کوردستان کردووە. گوتیشی: ”ئیستاش خەریکە کاری ئاژاوەگێری لە کوردستان دەکات، خەڵکانێک کەوتوونەتە ناو بەرژەوەندییەکانیەوە و کار بۆ دابەشکردنی کوردستان دەکەن“.
جەختیشی لەوە کردەوە کە مالیکی بە ئاشکرا ”پیلان لەدژی کوردستان“ دادەنێت، خۆی هەڕەشەی جۆراوجۆری لە ئەگەری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم کردووە.
ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”نووری مالیکی پارەیەکی باشی بەخشیوە، ھەندێک کەناڵی ڕاگەیاندنیش لە کوردستان لەو پارەیە سوود مەند بوون بۆ ئەوەی دژایەتیی پرسی ریفراندۆمی پێ بکرێت، ئەو پارەیە بەردەوامی دەبێت تا ئەو کاتەی بە حیساب ئامانجەکەی دێتە دی“.
بە بڕوای سیروان ئەحمەد، ”ھەموو شتێک لە مالیکی دەوەشێتەوە“ و بە دووری نازانێت کە مالیکی ڕێژەی ئەو پارەیە زیاد بکات کە بە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی دەدات، ”بۆ کڕینی خەڵک و کڕینی هەندێک کەناڵی دیکە“، چونکە ”دەیەوێت لە ڕێگەی کوردەوە ئاڵۆزی لەناو هەرێمی کوردستان دروست بکات“.
پێشتر (باسنیوز) ئەو نووسراوەی بڵاو کردەوە کە لە ڕێگەیەوە مالیکی بڕی 87 ملیۆن دۆلاری بە کۆمپانیای (چاڤی) داوە کە بەشێکە لە گرووپی کۆمپانیاکانی (نالیا) و شاسوار عەبدولواحید خاوەنداری دەکات، هەر ئەو گرووپەش خاوەنی کەناڵی (NRT)یە و بەشێکیش لە چاودێران ڕەخنە لە شێوازی مامەڵەکردنی کەناڵەکە بەرامبەر بە پرسی ڕیفراندۆم دەگرن و باس لەوە دەکەن کە لە بازنەی دژ بە ڕیفراندۆمدا دەخولێتەوە.
باسنيوز
