هۆزه‌كانى ئێزدى له شنگال: دەبێ عه‌شیره‌ته عه‌ره‌به‌كان ناوى داعشه‌كانیان ڕابگه‌یه‌نن
سه‌رۆك هۆزێكى ئیزدی له شنگال، داوا له كه‌سایه‌تی و پیاوانى ئیزدی ده‌كات دژ به چه‌كدارانى داعش سكاڵاى یاسایی تۆمار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى هیچكامێكیان له لێپرسینه‌وه و سزاى خۆى له‌سه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ى به‌رامبه‌ر كوردانى ئێزدی ئه‌نجامیان داوه، ده‌ربازى نه‌بێت و هه‌روه‌ها به‌وه‌ش ڕێگه له "باڵى سیاسی" داعش بگیرێت. داواش له هۆز و عه‌شیره‌ته عه‌ره‌به‌كان ده‌كات، ناوى داعشه‌كانى سه‌ر به عهشیرهتهكانیان ڕابگه‌یه‌نن و خۆیانیان لێ بێ به‌ریی بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى پێكه‌وه‌ژیان له نه‌ینه‌وا بێته ئاراوه و نیازپاكی خۆیان ده‌ربخه‌ن.
عومه‌ر عه‌لى كهبعۆ، سه‌رۆك هۆزى (شهركان)ى ئێزدییه‌كانى شنگال، ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 30/ 6/ 2017) له به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕای گه‌یاندووه، بۆ ئه‌وه‌ى له ده‌ست سزا ده‌ربازیان نه‌بێت و بیانووی به‌رده‌م لێنه‌پرسینه‌وه‌یان ببڕن، سكاڵاى یاسایی دژ به‌هه‌موو ئه‌وانه‌ى سه‌ر به ڕێكخراوى تیرۆریستى داعش بوون، تۆمار ده‌كات.
له (3/ 8/ 2014) ژماره‌یه‌كی زۆر له گه‌نجانى عه‌شیره‌ته عه‌ره‌به‌كانى ده‌وروبه‌رى شنگال په‌یوه‌ندییان به داعشه‌وه كرد و به‌شداربوون له تاوانه‌كانى ئه‌و ڕێكخراوه كه به‌رامبه‌ر كوردانى ئێزدی ئه‌نجام دران. دواتر زۆرێك له ئێزدییه ڕزگاربووهكانى ده‌ست داعش، ژماره‌یه‌ك له‌و گهنجانانهیان ناسیوه‌ته‌وه.
عه‌لى كهبعۆ، به‌پێویستی ده‌زانێت هه‌ڵوێستێكى ڕوون به‌رامبه‌ر داعش ڕابگه‌یه‌نرێت و ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیی به‌و ڕێكخراوه‌وه كردووه، یان هاوكاریان بووه یان به‌شداری له تاوانه‌كان كردووه، بدرێته دادگا.
ئه‌و سه‌رۆك هۆزه نامه‌یه‌كیش ئاراسته‌ى هۆز و عه‌شیره‌ته عه‌ره‌به‌كانى ناوچه‌كه ده‌كات و ده‌ڵێت :" داوا له عه‌شیره‌ته عه‌ره‌به به‌ڕێزه‌كان ده‌كه‌ین، هاوكارمان بن به پێدانى ناوى ئه‌وانه‌ى په‌یوه‌ندییان به داعشه‌وه كردووه، هه‌ر یه‌ك له ناوچه‌ى خۆى، یه‌كه‌م بۆ بێ به‌ریی بوونیان له‌و داعشانه، دووه‌م بۆ ده‌رخستنى نیازپاكییان به مه‌به‌ستى به‌رقه‌راربوونى پێكه‌وه‌ژیان، سێیه‌میش بۆ به سزاگه‌یاندنى ئه‌و داعشیانه كه ده‌ستیان هه‌بووه له تێكدانى نه‌ینه‌وا".
هه‌روه‌ك داواشی كرد، هه‌ركه‌سێك زانیارى له‌سه‌ر چه‌ته‌كانى داعش هه‌یه، وه‌ك ئه‌ركێكى مرۆیی و ئه‌خلاقی ناو و زانیاری‌یان پێبدات بۆ ئه‌وه‌ى به سزاى خۆیانیان بگه‌یه‌نن و بیانووى لێنهپرسینهوهشیان ببڕنه‌وه، ئه‌مه جگه له ڕێگه‌گرتن له باڵى سیاسی داعش.
bas news-
