کامیل ژیر: زۆربەی دژبەرانی کورد بەهۆی کێشەی خۆیانەوە ناتوانن دژایەتیی سەربەخۆیی کوردستان بکەن

کامیل ژیر: زۆربەی دژبەرانی کورد بەهۆی کێشەی خۆیانەوە ناتوانن دژایەتیی سەربەخۆیی کوردستان بکەن
کامیل ژیر سیاسەتمەدار و ئەدامەی دەستەی دامەزرێنەری کاژیک بە ( راگەیاند "دۆستەكانمان لە وڵاتانی ئەورووپا پشتگیریمان دەكەن بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان، بەڵام هەر پارت و لایەنێكی سیاسی بەهۆی چەند پاساوێكەوە دژی سەربەخۆیی كوردستان بوەستێتەوە، هەقە میللەت ڕیسوای بكات."



ئاماژەی بەوەش کرد: "پێویستە پارتی دیموكراتی كوردستان، لایەنە سیاسییەكانی دیكە ڕازی بكات، بۆ ئەوەی هەموو لایەك هەوڵی ئەوە بدەن لەم قۆناغەی ئێستادا سەربەخۆیی كوردستان ڕابگەیەنین، چونكە ئێستا بارودۆخەكە گونجاوە بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان، بێگومان ئەمە هەلێكی زێڕینە و نابێت لەدەستی بدەین.



لە درێژەدا گوتیشی: "ئەگەر لەم دۆخەی ئێستادا سەربەخۆیی ڕابگەیەنین، دوژمنەكانمان زاتی ئەوەیان نییە دژایەتییمان بكەن، چونكە زۆربەی دوژمنەكانمان كێشەیان هەیە و ناتوانن شەڕمان لەگەڵ بكەن، بەتایبەتی عێراق ئێستا بەدەست داعشەوە دەناڵێنێت، هەروەها توركیا و ئێران و سووریا، ئەمانە هەمووی لەگەڵ وڵاتێكدا كێشەیان هەیە، بۆیە ئەگەر سەربەخۆیی كوردستان ڕابگەیەنین، هیچ دوژمنێكی دەرەكی ناتوانێت شەڕمان لەگەڵدا بكات".



ئاماژەی بەوەش كرد: "ئەو وڵاتانەی دژی سەربەخۆیی كوردستان دەوەستنەوە، یاخود هەڕەشە دەكەن، تەنها هاش و هووشێكی بێمانایە و چیدیکە ناتوانن، چونكە ئەوان هیچیان پێ ناكرێت، خۆ ئەگەر شەڕیشمان لەگەڵدا بكەن، ئێمە خاوەنی هێزێكی گەورەی وەكو هێزی پێشمەرگەی كوردستانین، بێگومان پێشمەرگە توانای ئەوەی هەیە بەرگری لە خاكی كوردستان بكات، بۆیە ئەگەر دوژمنەكانمان وەكوو كاردانەوەیەك دژی سەربەخۆیی كوردستان، هێرشیان كردە سەرمان، پێشمەرگە دوو زەربەی جەرگبڕ بوەشێنێت، هەموویان ڕادەكەن و دەكشێنەوە و وازمان لێ دێنن".



كامیل ژیر، باسی لەوەش كرد: "هەر حزبێكی ناوخۆیی بەهۆی چەند پاساوێكەوە دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان بكات، نەك مێژوو بە خیانەتكاری ناو دەبات، بەڵكوو هەقە میللەت ڕیسوای بكات، چونكە پرسی نیشتمانی نابێت تێكەڵی ململانێی سیاسی بكرێت، دواجار سەربەخۆیی كوردستان، لە بەرژەوەندی یهەر چوارپارچەی كوردستانە و ناكرێت هیچ حزبێكی سیاسی دژی پرسە نیشتمانییەكان بوەستێتەوە".
bas news-
Top