بازیانی: ئازادکردنی مووسڵ بە قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەیش بووە
(د. محەمەد بازیانی)، سەرۆکی سەنتەری ھودا بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "بە ئازادکردنی شاری مووسڵ داعش لە عێراقدا کۆتایی نایەت، هێشتا زۆرێک لە ناوچەکانی عێراق لەژێر کۆنتڕۆڵی تیرۆریستانی داعشدان و سەرۆکوەزیرانی عێراق پەلەی کرد کە گوتی داعش کۆتایی هات، هێشتا مەترسی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ماوە، هەروەها لە روومادی و جەزیرە و دەورووبەری مووسڵیش داعش بوونی ماوە، بەڵام دەتوانین بڵێین کە سەرەتاییەک بۆ کۆتایی هاتنی داعش لە عێراقدا هەیە".
لە بابەت پێگە و رۆڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە لاوازکردنی داعشدا، (د.محەمەد بازیانی) دەڵێ، ئەگەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هاوپەیمانان نەبووایە ئەوا هەرگیز سوپای عێراق نەیدتوانی نزیکی مووسڵ بێ، بۆیە ئازادکردنی مووسڵ بە قوربانی دانی هێزی پێشمەرگەیش بووە.
(بازیانی) ئاماژەیشی بە سیناریۆی دی دا لەدوای کۆتایی هاتنی داعش و رایگەیاند، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و سنووری ماددەی ١٤٠ لێی دەخوێندرێتەوە کە داعش هێرش بۆسەر هەندێ شوێن بکات بۆ ئەوەی دواتر حەشدی شەعبی شوێنەکانیان بگرێتەوە، ئەمەیش تەنیا بۆ ئامانجێکە کە دەیانەوێ بەربەست لەبەردەم پرۆسەی ریفراندۆم لەو ناوچانە دروست بکەن، بۆیە وا پێویست دەکات بە وردی خۆمان بۆ ئەو سیناریۆیانە ئامادە بکەین.
kdp-
